لە بەشێکی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەرگای قوتابخانەکان کرانەوە

09-01-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە قوتابخانەکانی سنووری پارێزگەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین کە تائێستا بایکۆتی خوێندنیان کردبوو، بڕیارە ئەمڕۆ لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە دەست بە دەوام بکەنەوە، بەشێکیشیان بەردەوامن لە بایکۆت و دەڵێن تاوەکو داواکارییەکانی مامۆستا و وانەبێژان جێبەجێ نەکرێت، دەوام ناکەنەوە. 
 
پەیامنێرانی لە رووماڵێکی تایبەتدا لەو ناوچانەی خوێندن تێیاندا بایکۆتکراوە، ئەمڕۆ (سێشەممە، 9-1-2024) زانیاریی ورد لەبارەی بەدەمەوەهاتنی داواکارییەکەی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەدە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لە ناوچەکانی بایکۆت، دەگوازنەوە. 
 
بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی شارباژێڕ: مامۆستاکانمان ناڕەزاییان بەرامبەر رێنماییەکانی پەروەردە دەرنەبڕی 
 
 
نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لەبەردەم قوتابخانەی سیتەک لە شارباژێڕ گوتی لەو قوتابخانەیە تاوەکو ئێستا پۆلی یەک وانەیان دەخوێند و بۆ ئەوان بایکۆت نەبوو، ئێستاش بەشێکی مامۆستایان هاتوونەتە دەوام. 
 
لە سنووری شارباژێڕ نزیکەی 100 قوتابخانە هەن، لەماوەی رابردوودا لە ئەمساڵی خوێندن، تەنیا پۆلەکانی 12 و بەشێکی پۆلەکانی نۆ کە هەردووکیان پۆلی کۆتان، دەوامیان کردووە، ئەوانەی دیکە بایکۆتیان کردووە.
 
پەیامنێرەکەی رووداو هەروەها دەڵێ "قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ کرد و گوتی 'رۆژی رابردوو لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری قوتابخانەکان کۆبووینەتەوە، زۆرینەیان ئامادەییان دەربڕیوە ئەمڕۆ دەست بە دەوام بکەنەوە.' جگە لەوە لە پەیجەکانی زۆربەی قوتابخانەکان لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراوەتەوە کە دەست بە خوێندن بکەنەوە.''
 
مامۆستا کوێستان، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سیتەک بە رووداوی گوت "مامۆستایەکانمان هیچ ناڕەزایەتییەکیان بەرامبەر بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەی دوێنێ دەرنەبڕیوە، کە تێیدا باسی ئەوە کرا 9ـی یەک واتا ئەمڕۆ دەست بە خوێندن بکرێتەوە، بۆیە هیوادارین حکومەتیش داواکارییەکانی مامۆستایان جێبەجێ بکات."
 
پرۆسەی خوێندن لە سلێمانی؛ سێ ئەگەر هەیە
 
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لەبەردەم قوتابخانەیەک لە سلێمانی گوتی "تائێستا هیچ قوتابییەک نەهاتووە، تەنیا بەشێکی دەستەی کارگێڕیی قوتابخانەکە هاتوون."
 
 
ئەرکان عەلی. کە قسەی لەگەڵ بەشێکی بەڕێوەبەر و کارگێڕیی قوتابخانەکان لە سلێمانی کردووە، دەڵێ ئەوەی تائێستا هەیە سێ دیمەنە؛ یەکەمیان دەستپێکردنەوەی خوێندنە، کە ئەوە کەمینەیەکە، دیمەنی دووەمیان بایکۆت و نەچوونەوەیە بۆ قوتابخانە و تائێستا قەبارەی دیار نییە، دیمەنی سێیەمیش ئەوەیە؛ مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بچنەوە قوتابخانەکان، بەڵام وەک ناڕەزایی بایکۆت بەردەوام بکەن و پێشوازی لە قوتابییان نەکەن.
 
ئەو مامۆستایانەی ئەرکان عەلی قسەی لەگەڵدا کردوون باسی ئەوەیان کردووە، چوار مانگ بایکۆتی پرۆسەی خوێندنیان کردووە، بۆیە دەپرسن "چیمان دەستکەوت تاوەکو بچینەوە هۆڵەکانی خوێندن؟"
 
بەگوتەی پەیامنێرەکەی رووداو بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی سنووری سلێمانی لەرێگەی سۆشیاڵ میدیاکانیانەوە داوایان لە قوتابییان نەکردووە بگەڕێنەوە قوتابخانە، کە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە داوایان کردبوو.
 
بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی سلێمانی: ناهێڵین ساڵێکی خوێندنی قوتابییان بفەوتێت چونکە بەڕاستی کارەساتە
 
 
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لەنێو قوتابخانەی ئاییندەی بنەڕەتی لە سلێمانی، گوتی بەشێکی دایک و باوکان دڵنیا نەبوون لەوەی دەرگای قوتابخانەکان دەکرێتەوە یان نا، بۆیە خۆیان لەگەڵیان هاتوون.
 
مامۆستا بورهان خالید، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە رووداوی گوت "دوای ماوەیەک دابڕان، ئەمڕۆ لەسەر بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی و پەروەردەی رۆژهەڵات، جارێکی دیکە دەرگامان بەڕووی قوتابییانی ئازیزدا کردەوە. ئەمشەو لە پەیجەکانی خۆمان لە سۆشیاڵ میدیا، ئاگاداریمان بڵاوکردەوە، کە ئامادەبن. هیچ مامۆستایەک تائێستا ئاگاداری نەکردووینەتەوە لە بایکۆت بەردەوام دەبێت."
 
ئەو قوتابخانەیە زیاتر لە 1200 قوتابیی هەیە، بەڕێوەبەرەکەیان دەڵێ "پێشتر پێشوازیمان لە قوتابییان کرد و کتێبمان دابەش کردبوو، تاوەکو بایکۆتی تەواو" باسی لەوەش کرد "ناهێڵین قوتابییان ساڵێکی خوێندنیان بفەوتێت، چونکە بەڕاستی کارەساتە، چۆن بێ مووچەیی و بێباکیی حکومەت بەرامبەر داواکاریی مامۆستایان کارەساتە، بەڕاستی بەهەمان شێوە فەوتانی ساڵێکی خوێندنی ئەو منداڵانە، کارەساتە."
 
لە قوتابخانەیەک لە هەڵەبجە؛ دەوامی قوتابخانە حکومییەکە نەبووە و ناحکومییەکە خوێندوویانە 
 
 
سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو لەبەردەم قوتابخانەی سەردەشتی بنەڕەتی لە هەڵەبجە گوتی "تاوەکو ئێستا قوتابخانەکان نەکراونەتەوە. هیچ کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی پەروەردەیی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەم ناوچەیەدا نەکراوە."
 
قوتابخانەی سەردەشتی بنەڕەتی دوو دەوامییە، دەوامێک تایبەت و ئەوەی دیکە حکومییە. قوتابخانە ئەهلییەکە سێ تاقیکردنەوەیان ماوە لە وەرزی یەکەم لەکاتێکدا قوتابخانە حکومییەکە تائێستا وانەی تێدا نەخوێندراوە. 
 
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سەید سادق، چوار قوتابخانە بۆ ماوەی دوو رۆژ کرابوونەوە، کە پۆلی 12 تێیدا بخوێنن، بەڵام دووانیان داخراونەتەوە. 
 
سازگار سەڵاح  گوتیشی "بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی پەروەردەیی و حیزبی بکرێت. دوای ئەو کۆبوونەوەیە روون دەبێتە ئایا دەست بە خوێندن دەکرێتەوە یان نا."
 
لە قوتابخانەیەکی رانیە لە کۆی 42 مامۆستا، دووانیان ئامادەییان هەبووە دەوام بکەن
 
 
ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەردەم قوتابخانەیەکی رانیە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین گوتی "ئەمڕۆ سەردانی پێنج قوتابخانەم کردووە و چواریان داخراون. بەڕێوەبەرێک دەڵێت کە مامۆستا دەوام نەکات، ئێمە ناتوانین بەردەوام بین."
 
پەیامنێرەکەی رووداو هەروەها گوتی "بەڕێوەبەری ئەم قوتابخانەیە تەنیا خۆی هاتووە. بەڕێوەبەرەکە دەڵێت 42 مامۆستا لەم قوتابخانەیە دەوام دەکەن. لەگەڵیان کۆبوومەتەوە و لە کۆی 42 مامۆستا، 2 مامۆستا ئامادەییان دەربڕیوە دەوام بکەن."
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی رانیە بە نووسراوێکی فەرمی، داوای لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی سنووری رانیە کردووە، لە خوێندن بەردەوام بن. محەممەد کەریم ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی رانیە بە رووداوی گوت "بەڕێوبەری قوتابخانەکانمان ئاگەدار کردووەتەوە، هەموو ئامادەکارییەک بکەن بۆ ئەوەی ئەمڕۆ پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەستپێبکاتەوە؛ زۆربەی بەڕێوەبەران ئامادەییان دەربڕیوە کە ئامادەن. پەرتووکیشیان ئامادە کردووە تاوەکو بەسەر قوتابیاندا دابەشی بکەن."
 
مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژان لە کەلار دەڵێن بایکۆت ناشکێنن
 
 
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لەبەردەم قوتابخانەی "زۆزکی بنەڕەیی تێکەڵاو" لە کەلار گوتی "لەگەڵ ئەوەی مامۆستایان ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام تەنی
بەڕێوەبەرەکە هاتووە. هیچ قوتابییەکیش ئامادە نییە."
 
دوێنێ، پەروەردەی گەرمیان راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا داوای کردووە ئەمڕۆ 9ی کانوونی دووەم یەکەم رۆژی دەوام دەبێت. هاوکات بەڕێوەبەرانی پەروەردەی گەرمیان و کەلار کۆبوونەتەوە و مامۆستایانیان ئاگادار کردووتەوە. رەنگە بەیانیش قوتابیان ئاگادار بکەنەوە. هەندێ لە قوتابخانەکانیش مامۆستایان و قوتابیانیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هێرشی زۆر کراوەتە سەر ئەو قوتابخانانەی دەست بە دەوام دەکەنەوە.
 
هونەر حەمید هەروەها دەڵێ "دوو، سێ مامۆستا لەم قوتابخانەیەن و هاتوو، ئەمانە ئاگەدار کرابوونەوە کە ئەمڕۆ بێنەوە دەوام، بەڵام مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژان لە گەرمیان بایکۆتیان کرد، دەڵێن تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت، بایکۆت ناشکێنین."
 
خوێندن لە کۆیە دەستیپێنەکردووەتەوە
 
 
پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو لەبەردەم قوتابخانەیەکی کۆیەدا گوتی "خوێندن لە کۆیە دەستیپێنەکردووەتەوە."
 
بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی کۆیە گوتی، ئەوان چاوەڕێن مامۆستایان و قوتابیان بەدەم داواکاریی پەروەردەوە بێن و دەوام بکەن. بەڵام "ئەوان بایکۆتیان کردووە، هەر ئەوانیش دەتوانن بایکۆت بشکێنن."
 
لە سنووری قەزای کۆیە بە هەر پێنج ناحییەکەیەوە، نزیکەی 200 کارگێڕی قوتابخانە و نزیکەی 30 هەزار قوتابی و خوێندکار هەن.
 
پەیامنێری رووداو باسی لەوە کرد "نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی دەڵێت لە بایکۆت بەردەوام دەبن و هیچ قوتابخانەیەک لە کۆیە ناکرێتەوە.''
 
لە دەربەندیخان کەشوهەوا ساردە و خوێندنیش بەهەمان شێوە
 
 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە بەردەم ئامادەیی "دەربەندیخانی تێکەڵاو" لە دەربەندیخانەوە گوتی "لێرە وەکو کەشە ساردەکەی، پرۆسەی خوێندنیش ساردەوسڕە. ئەو داوایەی پەردەوەردە هەیبوو، مامۆستایان و قوتابیان بەدەمییەوە نەهاتوون؛ زۆربەی قوتابخانەکان داخراون. بەڵام ئەم قوتابخانەیە سێ رۆژە دەوام دەکەن."
 
قوتابییەکی قوتابخانەی ئامادەیی دەربەندیخان کە پارساڵ کۆنمرەی 88ـی لە پۆلی 12 هێناوە، بە رووداوی گوت "ئێمە، وەکو قوتبییانی قوتابخانەی دەربەندیخان، لە 7ـی مانگەوە دەستمان بە خوێندن کردووەتەوە. هەندێ لە مامۆستاکانمان هاتوونەتەوە دەوام. لە سنووری سلێمانیدا تەنیا دەربەندیخانە قوتابخانەکانی بە رووی قوتابیانی پۆلی 12، داخراون؛ بەڵام لە سلێمانی و دەوروبەری ئامادەییەکان بۆ پۆلی 12 کراونەتەوە. دوو خوشکم لە پۆلی 9 و 10ـی ئامادەیین، دەوام ناکەن و مامۆستاکانیان بایکۆتی خوێندنیان کردووە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوای چەند کاژێرێک لە بێسەروشوێنبوونی، تەرمی ئارین دۆزرایەوە

تەرمی منداڵە بێسەروشوێنبووەکەی لوڕستان دۆزرایەوە

تەرمی منداڵێکی تەمەن چوار ساڵانی پارێزگای لوڕستان کە لە دوێنێ بەیانییەوە بێسەروشوێن ببوو، دۆزرایەوە. داواکاری گشتیی کۆیەشت دەڵێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی کراوەتەوە.