گەنجێک لە سنووری بەردەڕەش بەهۆی داڕمانی بیر گیان لەدەستدەدات


رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، گەنجێکی 27 ساڵان لەکاتی هەڵکەندنی بیرێک بۆ ئاوی قورسی ماڵەکەی، بەشێک لە بیرەکە بەسەریدا دادەڕمێت و گیان لەدەستدەدات. 
 
گەنجەکە لە گوندی کەڤرە سوور لە ناحیەی کەڵەکی سەر بە قەزای بەردەڕەش نیشتەجێبووە. عەمید سەعدی بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسە ناوی ئەرسەلان سالم سەلیم بووە، لەکاتی هەڵکەندنی بیرەکە دەچێتە ناوی بۆ دەردانی خۆڵەکەی و لەکاتی داڕمانی خۆڵەکەدا کەوتووەتە ژێریەوە و گیانی لەدەستداوە. 
 
بیرەکە بە حەفارە هەڵکەندراوە و قووڵییەکەی زیاتر لە دوو مەتر بووە. ئەرسەلان ویستوویەتی قووڵتری بکات، بەڵام لەیەکی رووخاوە بەسەریدا. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەرسەلان ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و باوکی دوو منداڵە. تەرمەکەیشی بۆ پزیشکی داد گوازراوەتەوە و دواتر رادەستی کەسوکاری کراوە. 
 
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ماوەی هەشت ساڵە هیچ کەسێک لە دهۆک بەهۆی داڕمانی بیرەوە گیانی لەدەستنەداوە و ئەمە یەکەم جارە لەو ماوەیەدا.