وەزارەتی پەروەردە بە خۆڕایی کتێب بۆ نووسەران چاپ دەکات

09-01-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێشخەرییەکدا رایگەیاند، بڕیاری داوە لە چاپخانەکەی بەخۆڕایی کتێب بۆ نووسەران چاپ بکات. راوێژکارێکی وەزارەتەکەش دەڵێت، سانسۆریان لەسەر ناوەڕۆکی هیچ کتێبێک نابێت، بەڵام دەبێت کتێبەکان لەو بوارانە بن، کە ئەوان دەستنیشانیان کردوون.
 
رۆژی دووشەممە 09-01-2023، جەبار جەمال غەریب، راوێژکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەو دەستپێخەرییە بیرۆکەی وەزیری پەروەردە بووە و ئەویش سەرپەرشتی دەکات. لە ئەمڕۆوە کتێب لەو نووسەرانە وەردەگرن کە دەیانەوێت لە رێگەی چاپخانەی وەزارەتی پەروەردەوە بەرهەمەکانیان چاپ بکەن.
 
سەبارەت بە مەرجەکانی چاپکردنی کتێبەکان، جەبار جەمال غەریب گوتی: "کتێبەکان دەبێت باسی هزری نیشتیمانی و نەتەوەیی بکەن، یان ئەو کتێبانەی خزمەتی زمانی کوردی دەکەن، هەروەها باس لە پەروەردە، پێکەوەژیان، بواری ژینگە و ژینگەپارێزی بکەن." گوتیشی: "ئێمە سانسۆر ناخەینە سەر ناوەڕۆکی کتێبەکان، بەڵام دەبێت لەو بوارانەدا بن کە ئاماژەمان پێدان."
 
راوێژکاری وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەدا، چاپکردنی کتێبەکان بێ بەرامبەرە و هەر نووسەرێکیش 500 دانە لە کتێبەکەی بۆ چاپ دەکرێت و سەرجەم کتێبەکانیشی دەدرێتەوە. ئەویش ئازادە لەوەی دەیبەخشێت یان نرخی لەسەر دادەنێت. مافی هەموو چاپکردنەوەیەکیش بۆ نووسەرەکەی پارێزراو دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە 09-01-2023 وەزارەتی پەروەدە لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی چاپکردنی کتێب بۆ نووسەران، ئاماژەی بە مەرج و رێنماییەکان داوە، کە بریتین لە:
 
- پێویستە نووسەر ژمارەی سپاردنی لە وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتبێت. 
 
- پێویستە کتێبەکانی بە یەکێک لەم ئەندازانە دیزاین کرابن: (17 سانتیمەتر پانی / 24 سانتیمەتر درێژی) یان ( 21 سانتیمەتر پانی / 29 سانتیمەتر  درێژیی).
 
- پاش وەرگرتنی ژمارەی سپاردن و دیزاینکردن، دەتوانن بەرهەمەکانتان بنێرن بۆ مامۆستا (جەبار جەمال غەریب) راوێژکاری وەزارەتی پەروەردە کە رامانسپاردوە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم دەستپێسخەرییە لە رێگەی ئەم ئیمەیڵەوە: parwarda@moe.gov.krd.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە