لە هەولێر ژنێک چوارجار لەلایەن هاوژینەکەیەوە هەوڵی کوشتنی دەدرێت؛ "هێشتا دەستگیرنەکراوە"


رووداو دیجیتاڵ 
 
لە 26ی مانگی 11ی ساڵی رابردوو، لە هەولێر پیاوێک دەستڕێژی گولـلە لە ماڵی هاوژین و چوار منداڵەکەی دەکات. 
 
دایکی چوار منداڵەکە بە دڵی پڕ لە ترسەوە لە کونجێکی ماڵە بچووکەکەی بەسەرهاتی 19 ساڵی پڕ لە ئازاری ژیان لەگەڵ هاوژینەکەی بۆ پەیامنێری رووداو دەگێڕێتەوە. 
 
پیاوەکە کارمەندی هێزە ئەمنییەکانە، ئافرەتەکە ماوەی ساڵێکە داوای جیابوونەوەی کردووە، بەڵام هێشتا بە فەرمی لە دادگە بڕیار لە جیابوونەوەیان نەدراوە، گەرچی دەڵێت، بەزارەکی و لەنێو خەڵک تەڵاقیداوە، بەڵام هەمیشە هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکات. 
 
دایکی چوار منداڵەکە گوتی: هەستم کردووە دەرمان دەکێشێت هاوژینەکەم، تەواو لەوە دەرچووە لەگەڵی بژیم و ژیان بەو جۆرە ناکرێت. دووجار دەستی خستووەتە گەردنم و دەرگەی لەسەر کلیلدام و ویستوویەتی، بمکوژێ منداڵەکانیشی هێنایە ژوورەوە و گوتی، هەمووتان دەکوژم چاوی دنیای نەدەبینی دەیگوت، ئەوانیش دەکوژم. پێم دەڵێت، مەحاڵە تۆ بژی، چونکە سکاڵات لە من کردووە و گوتووتە ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنێت.  
 
چەند جارێک سکاڵایان لێکردووە و پاشان سوڵحیان کردووە. دوایین جاریش لەسەر هێرشی دەستڕێژی گولـلەکەی مانگی 11 سکاڵایان کردووە، فەرمانی دەستگیرکردنی دەرچووە، بەڵام هێشتا دەستگیرنەکراوە. 
 
دایکی منداڵەکان دەشڵێت: هیچ بەتەمای خۆم نیم، ئەمڕۆ دێتە دەرەوە لە دەوام تەواو داهاتوومم لێم دیارە وەکو ئەو کچە بەستەزمانەی ئەو رۆژەم لێدێت. 
 
یەکێک لە منداڵەکان قسەی کرد و گوتی: دەڕۆین سکاڵای لێ دەکەین ناگیرێت، دەڵێین چی بوو بۆ نەگیرا دەڵێن، ئێمە رەوانەمان کردووە. ماوەیەک پێش ئێستا چووین سکاڵامان کرد، جارێکی دیکە سکاڵامان نووسیوە.  
 
پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو باسی ئەو کاتە دەکات کە لە ماڵی ئەو ژنە بووە و دەڵێت: وەک تیمی رووداو لە کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە لەگەڵ پارێزەری ئەم خانمە لەنێو ماڵەکە بووین، لە پڕ باوکی منداڵەکان بە چەکەوە هەڵیکوتایە سەر ماڵەکە، پەیوەندیمان بە 104 و 119 و هێزە ئەمنییەکانەوە کرد، کە هێزە ئەمنییەکان گەیشتن پیاوەکە ئامادەنەبوو خۆی رادەستبکات، لە دوای نیو کاژێر بە چەکەکەیەوە رایکرد.   
 
دایکی منداڵەکان و منداڵەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بران بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان. 
 
پەیڕەو مۆفەق، پارێزەری دایکەکەیە و دەڵێت: "فەرمانی دەستگیرکردنەکەی بۆ دەرچووە. ئەمڕۆ جارێکی دیکە چووەتەوە سەر ماڵەکە بۆ ئەوەی لێیان بدات، زووتر تەلەفۆنی بۆیان کردبوو و هەڕەشەی لێ کردوون کە دەڕوات و هەموویان دەکوژێت."
 
رێباز زێوەر، بەرپرسی نووسینگەی قەڵای تووندوتیژی خێزانی بە رووداوی گوت: سەبارەت بەو پەڕاوە هیچ کەسێک لەدەست یاسا رزگاری نابێت، دڵنیاتان دەکەمەوە کە دەستگیر دەکرێت.  
 
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە ئەم پیاوە دەستگیرنەکراوە و بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی ئەو دایک و چوار منداڵە.