رووداو دیجیتاڵ
بەشێكی كەم لە بازرگان و خەڵك ئەوە دەزانن، كە بەشێك لە ماركە بەنێوبانگەكانی جلوبەرگ لە ئامەدی باكووری كوردستان دروستدەكرێن. سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان دەڵێت، لە داهاتوودا پەیوەندییە بازرگانییەكانیان لەگەڵ بازرگانانی باكووری كوردستان بەهێزتر دەكەن.
محەممەد كایە، سەرۆكی ژووری بازرگانیی ئامەد ئومێدی زۆری بەوەیە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستان لە 10 ملیار دۆلارەوە بۆ 25 تاوەكو 30 ملیار دۆلار بەرز ببێتەوە، ئەمەش پاڵپشت بەوەی لە ساڵانی 2013 - 2015 ئاڵوگۆڕی بازرگانیی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 15 بۆ 17 ملیار دۆلار و دەشڵێت، "ئێمە براین و نابێت ڤیزە لەنێوانماندا هەبێت."
لە پەمووی ئامەد جلوبەرگی ماركە بەنێوبانگەكان دروستدەكرێن
لەنزیك چەند كارگەیەكی شاری ئامەد، دەشتێكی پان و بەرین هەیە، زۆرینەی بە پەموو چێندراوە، دوای لێكردنەوەی پەمووەكە، لە كارگەی یەكەم پەمووەكە پاك دەكرێتەوە و دواتر بە چەند قۆناخێك لە كارگەكانی دیكە دەكرێتە دەزوو، دواتریش بۆ قوماش و قوماشەكەش بەدەستی چەندەها كوڕ و كچانی ئامەد دەكرێتە جلوبەرگی ماركە بەنێوبانگەكانی دنیا.
لەو چەند كارگەیەی ئامەد كە ئیحسان ئاڤج، بەڕێوەبەریەتی، رۆژانە زیاد لە 1200 كرێكار كار دەكەن كە 99%ی كرێكارەكان كوردن و مانگانە 1000 تۆن پەموو بەكاردەهێنین بۆ دروستكردنی جلوبەرگی ماركە بەنێوبانگەكانی دنیا و بەرهەمەكانیشیان وەكو ئیحسان دەڵێت، "دەچێتە تەواوی دنیا." هەرچەندە پەمووەكانی ئەو كارگانە بەشێكی لە دەرەوە هاوردە دەكرێت، بەڵام ئیحسان ئاڤج گەلێك دڵخۆشە بەوەی پەمووی ئامەد لەسەر ئاستی جیهان پلەی دووەمی هەیە.
جگە لە كارگەی جلوبەرگ، لە ئامەد چەندەها كارگەی دیكە هەن، محەممەد دیلەك كە خاوەنی كارگەیەكی مۆبیلیاتە شانازی بەوەوە دەكات، بەرهەمی كارگەكەی دەچێتە 19 وڵاتی جیهان، یەكێك لەوانە هەرێمی كوردستانە، دڵگرانیشە بەوەی پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵ بازرگانانی هەرێمی كوردستان لە ئاستی پێویست نییە و دەشڵێت، "هیوادارم بۆ داهاتوو لەگەڵ بازرگانانی كورد كاری هاوبەش بكەین."
چیرۆكێكی سەركەوتن
سەردار دڵکران چیرۆكێكی سەركەوتنی هەیە كە هەمیشە بە شانازییەوە باسی دەكات، ئەویش ئەوەیە لە ساڵانی رابردوودا وەكو كرێكار چووەتە ئیستەنبووڵ، لەوێ لە چەندین كارگەی جیاواز كاری كردووە هەنگاو بە هەنگاو لە كارەكەی سەركەوتوو بووە تاوەكو دواجار بووەتە خاوەنی كارگەی تایبەت بە خۆی، ئەو دەڵێت "چەند درەنگیش بێت مرۆڤ بە هەوڵدان هەر دەگاتە ئامانجەكانی، ئێستا نزیكەی 150 كرێكار لەلام كار دەكەن و بەرهەمی كارگەكەشم دەگاتە شەش وڵاتی دنیا."
سەردار داوا لە بازرگانانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ كڕینی پێداویستییەكانیان و بازرگانیكردن سەردانی ئامەد بكەن و دەشڵێت، "كارگەیەكی زۆر لە ئامەدە، بەرهەمی زۆریان هەیە و هیوادارم بازرگانانی هەرێمی كوردستان سەردانیان بكەن، ئێرە بكەنە وێستگەیەكی گرنگی بازرگانییەكانیان."
لە بەردی ئامەد چی دروست دەكرێت؟
هەر لە ئامەد كارگەیەكی زۆری بەرد و كاشی هەیە، كە بەرهەمەكانیان دەگەنە زۆرینەی وڵاتانی دنیا. وەیسی ئاویس، بەڕێوەبەری كارگەیەكی كاشی لە ئامەد، بە گوتەی خۆی سەرمایەی كارگەكەی دەگاتە 10 ملیۆن دۆلار و بەرهەمی كارگەكەشی دەچێتە سعودیە و رووسیا و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا.
بەڕێوەبەری ئەو كارگەی كاشییە لە ئامەد باس لەوە دەكات، ئەو بەردەی ئەوان لە ئامەد بۆ دروستكردنی كاشی بەكاریدەهێنن زۆر نایابە و بەردێكی زۆریش لە سنووری ئامەد بوونیان هەیە كە بۆ دروستكردنی كاشی بەكاردێن، "لە ئامەد هەر كانێكی بەرد بەشی 50 ساڵی دیكە بەردی تێدایە."
وەیسی هیوا بەوە دەخوازێت کە بازرگانانی هەرێمی كوردستان بۆ كڕینی كاشی روو لە ئامەد بكەن و دەشڵێت، "دەبێت كارێك بكەین بازرگانیی نێوانمان بەهێز بكەین". بوونی یاسای تایبەت بە دەرهێنانی كانزاكان جگە لە نەوت، بە بۆچوونی وەیسی ئاویس زۆر پێویستە و دەڵێت، "لە دەرهێنانی بەرد و كانزا دەبێت یاسای تایبەت هەبێت، ئەو گوند و ناوچانەش سوودمەند بن كە لە نزیك كانەبەردەكانن، هەرچەندە ئێمە بەنافەرمی پارە دەدەینە ئەو گوندانەی بەردی لێدەهێنین، بەڵام دەبێت ئەوە بە یاسا رێكبخرێت."
ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە 10 ملیار دۆلارەوە دەبێتە 30 ملیار دۆلار
محەممەد كایا، سەرۆكی ژووری بازرگانی ئامەد وەكو میوانێكی سەرەكیی بەرنامەی "لەگەڵ رەنج" جەختی لەوە كردەوە، دەبێت بازرگانی لەنێوان باكووری كوردستان و هەرێمی كوردستان برەوی باشی پێبدرێت. بە بڕوای ئەو رێگری هەرە سەرەكی بۆ پێشنەكەوتنی بازرگانی، گرفتە سیاسییەكانە و دەشڵێت، "بازرگانان ژیرن و وەكو دەوڵەتەكان نین، دەوڵەتەكان زیاتر شەڕ دەكەن، بەڵام خراپیی دۆخی سیاسییەكە كاریگەریی خۆی هەیە، جا بۆئەوەی بازرگانی پێش بكەوێت، پێویستە سیاسەتیش باش بەڕێوەبچێت."
بەپێی ئامارەكانی لای محەممەد كایا، ساڵانی 2013 - 2015 ئاڵوگۆڕی بازرگانیی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 15 بۆ 17 ملیار دۆلار، ئێستاش بۆ 10 ملیار دۆلار دابەزیوە، ئەو دەخوازێت لە ئایندەدا ئەو ئاڵوگۆڕە بگاتە 25 - 30 ملیار دۆلار.
محەممەد كایا، كە چەند مانگێكە وەكو سەرۆكی ژووری بازرگانیی ئامەد هەڵبژێردراوەتەوە ئاماژە بەوەش دەكات، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەلای كەمەوە 20 جار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و دەشڵێت، "لە چوار ساڵی داهاتوودا زۆر زیاتر دەچمە كوردستان."
"گەشتكردن بە فڕۆكە لە دیاربەكر بۆ هەولێر (بەڵێ)ی هەرێمی كوردستانی ماوە"
بە بۆچوونی سەرۆكی ژووری بازرگانیی ئامەد هۆكارگەلێك هەن، كە رێگرن لەبەردەم پێشنەكەوتنی بواری بازرگانی لەنێوان باكوور و هەرێمی كوردستان، ئەویش نەبوونی گەشتی فڕۆكەیە لەنێوان هەولێر و ئامەد، محەممەد كایا دەڵێت "داوا دەكەین لە دیاربەكرەوە بۆ هەولێر و لە هەولێریشەو بۆ دیاربەكر گەشتی فڕۆكە هەبێت، هەولێر بۆ دیاربەكر بە فڕۆكە 40 خولەكە و زۆر نزیكە."
محەممەد كایا جەخت لەوە دەكاتەوە بۆ كردنەوەی گەشتی ئاسمانی لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستان، توركیا هیچ گرفتێكی نییە و دەشڵێت، "گەشكردن بە فڕۆكە لە دیاربەكر بۆ هەولێر یەك (بەڵێ)ی هەرێمی كوردستانی ماوە، داواكارین لە مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەو بڕیارە بدات، ئەگەر ئەوە كرا ب ەدڵنیاییەوە کەرتەکانی بازرگانی و گەشتیارییش لەنێوان هەردوولادا دەبووژێنەوە جگ لەوەش، داواكارم ڤیزەش لەنێوانماندا هەڵبگیرێت، ئێمە براین و نابێت ڤیزە لەنێوانماندا هەبێت."
"بازرگانانی ئێمە بۆ كڕینی بەرهەمی ئامەد دەچنە ئیستەنبووڵ"
مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان، كە بۆ ئەو بەرنامەیە هاتبووە ئامەد، ئەوەی نەشاردەوە كە زۆرجار بازرگانانی هەرێمی كوردستان بۆ كڕینی هەندێک كاڵای دروستكراوی ئامەد دەچنە ئیستەنبووڵ و گوتی، "بەڕاستی زۆرجار بازرگانانی ئێمە نازانن ئەو هەموو كارگەیە لە ئامەد هەیە، زۆرجار لەجیاتی بێنە ئامەد بۆ كڕینی كاڵا و جلوبەرگی دروستكراوی كارگەكانی ئامەد، دەچنە ئیستەنبووڵ و شوێنەكانی دیكە، بۆیە داوا لە بازرگانان دەكەم راستەوخۆ بۆ كاری بازرگانی سەردانی ئامەد بكەن."
سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان ئەوەش دەخاتەڕوو، بوونی ئەم جۆرە بەرنامانە (لەگەڵ رەنج) كاریگەریی زۆر باشیان دەبێت بۆ دروستكردنی پەیوەندیی بازرگانی لەنێوان باكوور و هەرێمی كوردستان.
ئەو بەڵێنیش دەدات بۆ لەمەودوا هەوڵی تەواوەتی بدەن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئامەد، "ئێستا پەیوەندیی بازرگانیمان لەگەڵ توركیا ساڵانە زیاد لە 10 ملیار دۆلارە، دەكرێت لە ئایندەدا دوو بۆ سێ ملیار دۆلاری لەگەڵ شارەكانی باكووری كوردستان بێت."
مستەفا عەبدولڕەحمان ئەوەش رووندەكاتەوە، تاوەكو ئێستاش هەرێمی كوردستان هەرێمێكی بەكاربەرە، "بەڵام ئەوەی مایەی دڵخۆشییە لە هەرێمی كوردستان هاوردەكردنی كاڵای خراپ زۆر كەم بووەتەوە."
لە توركیا كار ئاسانی زۆر بۆ خاوەن كارگەكان دەكرێت
ئەنگین یەشیل، سەرۆكی بۆرسەی ئامەد وەكو میوانێكی دیكەی بەرنامەكە جەختی لەوە كردەوە، لە توركیا كارئاسانیی زۆر بۆ خاوەنی كارگەكانی كەرتی تایبەت دەكرێت.
سەرۆكی بۆرسەی ئامەد دەڵێت، "لە توركیا ئەگەر 250 كرێكارت هەبێت، حكومەت بیمەی مانگانەیان بۆ ماوەی 12 ساڵ دەداتێ و ئەوە و چەندین هاوكاریی دیكەش هەیە."
ئەنگین یەشیل داواش دەكات، پەلە بكرێت لە كردنەوەی گەشتی فڕۆكە لەنێوان ئامەد و هەرێمی كوردستان و دەڵێت، "سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت داوا بكات فڕۆكە لەنێوان كوردستان و ئامەد هەبێت، بەوەش كارئاسانیی زۆر بۆ بازرگانان دەكرێت."
"پێش شەڕی رووسیا و ئۆكرینا بازرگانیی ئامەد لەگەڵ هەرێمی كوردستان باشتر بوو"
سەردار ئای، كە لە ئامەد كاری زێڕەنگەری دەكات، میوانێكی دیكەی بەرنامەكە بوو، سەردار لەگەڵ بەشێك لە بازرگانی هەرێمی كوردستان پەیوەندیی هەیە و دەڵێت، "كاری كڕین و فرۆشتنی زێڕ لەگەڵ چەند بازرگانێكی هەرێمی كوردستان دەكەم، زۆریش باشە و بە كارەكەم ئاسوودەم."
سەردار ئەوە ناشارێتەوە كە پێش شەڕی رووسیا و ئۆكرینا، بازرگانیی ئامەد لەگەڵ هەرێمی كوردستان باشتر بوو، دوای ئەو شەڕە ئاڵوگۆڕی بازرگانی كەمتر بووەتەوە. ئەوهاوشێوەی بەشێكی دیكە لە بازرگانانی ئامەد، داوا دەكات لەنێوان ئامەد و هەولێر و سلێمانی، گەشتی فڕۆكەی راستەوخۆ هەبێت و "ئەگەر ئەوە كرا، بە دڵنیاییەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئامەد و هەرێمی كوردستان دەچێتە قۆناخێكی زۆر باشەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ