ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەگاتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

09-01-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کریستین لامبرێت، وەزیری نوێی بەرگریی ئەڵمانیا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کریستین لامبرێت، وەزیری نوێی بەرگریی ئەڵمانیا
نیشانەکردن ئەڵمانیا هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کریستین لامبرێت، وەزیری نوێی بەرگریی ئەڵمانیا ئەمڕۆ دەگاتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. هەروەها بڕیارە سەردانی کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر بکات.
 
سەردانەکەی لامبێرت بۆ هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە تەنیا یەک مانگە وەک وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەستبەکاربووە. لامبێرت سەر بە پارتی سۆشیال دیموکراتەکانە و پێشتریش لە کابینەکەی مێرکڵ چەند پۆستێکی دیکەی هەبووە، لە نێویاندا وەزیری کاروباری خێزان، کەسانی بەتەمەن و هەروەها ژنان و گەنجان.
 
لەماوەی دەستبەکاربوونیدا، ئەوە دووەمین سەردانی کریستین لامبرێتە بۆ دەرەوەی ئەڵمانیا، بەر لە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان پێشتر سەردانی لیتوانیای کردووەو هێزەکانی وڵاتەکەی بەسەرکردووەتەوە.
 
لە ساڵی 2014ەوە ئەڵمانیا رۆڵێکی سەرەکی لە شەڕی دژی داعشدا دەگێڕێت و هاوکاریی سەربازیی پێشکێشی پێشمەرگە کردووە، هەروەها ژمارەیەک راوێژکاری سەربازیشی لە هەرێمی کوردستان هەن.
 
لە 9ی ئاداری 2021یش، وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەڵمانیا بە ئامادەبوونی هۆلڤار کۆنکل، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێککەوتنی هاوبەشیان بۆ زیادکردنی تواناکانی هێزەکانی پێشمەرگە و ئامادەکاری بۆ راهێنانی سەربازی واژۆکرد. 
 
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا، کە ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، لە نێویاندا لە پرۆسەی چاکسازیدا.
 
پەرلەمانی ئەڵمانیا لە 29-10-2020 بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو کانوونی دووەمی 2022 داو و هەروەها ژمارەی سەربازەکانی لە 800 سەربازەوە بۆ 700 سەرباز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەمکردنەوە. 
 
کۆی ژمارەی ئەو سەرباز و راوێژکارە ئەڵمانییانەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان خەریکی راهێنانن دەگاتە 200 سەرباز و  لەو ژمارەیە 150 کەسیان لە هەرێمی کوردستان جێگیربوون و لە راهێنانی پێشمەرگە بەردەوامن. 
 
ئەڵمانیا لە ساڵی 2009ەوە کۆنسوڵخانەی لە هەولێر کردووەتەوە، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ەوە نوێنەرایەتی لە ئەڵمانیا هەیە. 
 
تاوەکو ئێستا چەندین کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کراوە، لە ساڵی 2009 سەرۆک بارزانی لە بەرلین لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ کۆبووەوە، لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان لەگەل ئەنگێلا مێرکڵ کۆبووەوە، هەروەها لە ساڵی 2017، لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، هێشتا هەرێمی کوردستان گەمارۆی دیپلۆماسی لەسەربوو، نێچیرڤان بارزانی چووە بەرلین و لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ و بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا کۆبووەوە.
 

پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان
 
سەردانی وەزیری بەرگریی کابینە نوێیەکەی ئەڵمانیا بۆ هەولێر لە کاتێکدایە کە لە 31ی ئەم مانگەوە، ئەو وادەیە بەسەردەچێت کە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بۆ چالاکییە سەربازییەکانی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەسەندیکردبوو، واتە بۆ بەردەوامبوونی هێزە ئەڵمانییەکان لە کاری خۆیان، پێویست بە دووبارە درێژکردنەوەی وادەکە دەکرێت. 
 
لە ساڵی 2014ـەوە ئەڵمانیا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە کە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی، مەشق و راهێنان، هاوبەشیکردنی زانیاریی هەواڵگری، لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و سزادانی چەکدارەکانی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکان، یارمەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی داوە. 
 
بە گوێرەی حکومەتی ئەو وڵاتە، لە ساڵی 2020، لە کۆی 120 سەرباز و راوێژکاریان لە عێراق، 90یان لە هەولێر جێگیرکرابوون. ئێستاش بە ژمارەیەکی نەزانراوەوە، بەردەوامن لە مەشق و راهێنانکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە.
 
ئەڵمانیا هەروەها گەورترین بەخشەری پرۆگرامێکە بە ناوی "سندووقی سەقامگیرکردنی عێراق" کە تایبەتە بە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە دەستی داعش رزگارکراون. 
 
لە ساڵی 2015ـەوە، ئەڵمانیا بڕی 2 ملیار و 730 ملیۆن دۆلاری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دابینکردووە، ئەوەش بۆ دابینکردنی یارمەتی مرۆیی و پڕۆگرامەکانی سەقامگیرکردن و گەشەپێدان. 
 
هەروەها زیاتر لە 96 ملیۆن دۆلاری دیکەی بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابینکردووە. 
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، ساڵی رابردوو بەرلین 10 ملیۆن و 230 هەزار دۆلاری بۆ چاکسازییەکانی "کەرتی ئەمنیی عێراق" دابینکردووە.
 
هەروەها لە ساڵی 2020ـەوە، لە چوارچێوەی ناتۆدا، لە رێگەی دابینکردنی رادار و فڕۆکەی چاودێری، ئەڵمانیا بەشداربووە لە چاودێریکردنی ئاسمانی و کۆکردنەوەی زانیاریی بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان. 
 
ئەڵمانیا، کە خاوەن گەورەترین ئابووریی یەکێتیی ئەوروپایە، یەکێکە لەو وڵاتانەی گەورەترین بەشداریی سیاسی، دیپلۆماسی و بازرگانی لە عێراق، هەرێـمی کوردستان و ناوچەکەدا هەیە. 
 
لە ساڵی 2009ـە ئەڵمانیا کۆنسوڵخانەی گشتیی لە هەولێر کردووەتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نووسینگەیەکی نوێنەرایەتیی لە بەرلین کردووەتەوە.
 
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا زیاتر بناسە
 

کریستین لامبرێت کە لە کابینەی مێرکڵدا وەزیری داد و وەزیری کاروباری خێزان، بەساڵاچووان، ژنان و گەنجان بوو، ئێستا لە کابینەی ئۆلاف شۆڵتزدا، وەزیری بەرگرییە. 
 
19-06-1965 لە شاری مانهایم لە رۆژئاوای ئەڵمانیا لەدایکبووە
 
سەر بە پارتی سۆسیال دیموکراتە
 
2013 - 2017  ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بووە
 
سەرۆکی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکرات بووە لە پەرلەمانی فیدراڵیی وڵاتەکەی لە 14-03-2018 تاوەکو 27-06-2019 
 
27-06-2019  سکرتێری دارایی پەرلەمان 
 
 
20-05-2021  بووە وەزیری داد و پاراستنی مافی بەکاربەر 
 
8-12-2021 بووە وەزیری کاروباری خێزان، بەساڵاچووان، ژنان و گەنجان
 
لە کابینەی ئۆلاف شۆڵتزدا بووە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەزای خەلیفان.

قایمقامی خەلیفان: هاوینی داهاتوو کێشەی ئاومان نامێنێ

قایمقامی قەزای خەلیفان رایگەیاند، 15 پرۆژە لە سێکتەری ئاو بە بەهای نزیکەی پێنج ملیار دینار لە قۆناخی جێبەجێکردندان و تاوەکو هاوینی داهاتوو گرفتی ئاوی خواردنەوە لە قەزای خەلیفان و گوندەکانی نامێنێت.