وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بۆ رووداو: زانیاریی زۆر گرنگم وەرگرتووە بۆ ئەوەی بیبەمەوە ئەڵمانیا

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەڵێت، خۆشحاڵە بە کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سوپاسی خۆیشی بۆ "هەوڵەکانی کوردستان" دەربڕی لە "شەڕی دژی تیرۆریزم و داعش".
 
كريستينه ‌لامبرێشت، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەسەرکردنەوەی راوێژکارانی سەربازیی وڵاتەکەی لە هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی شەڕی داعش رایگەیاند، "بابەتەکە ئەوە نییە کە شەڕی دژی تیرۆر تەنیا لەم هەرێمەوە دەکرێت، بەڵکو ئەمە شەڕێکە کە هەموومان پێکەوە دەیکەین؛ ئەمە شەڕێکە پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە، بە ئەوروپا و ئەڵمانیاشەوە. بۆیە زۆر مەبەستم بوو کە سوپاسێکی لە دڵەوە و ستایشی خۆمان دەرببڕین بۆ ئەم کارە گەورەیەی کراوە".
 
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆر باش لەیادمە ئەو کاتەی ئەندامی پەرلەمان بووم بڕیارماندا بە پێدانی چەک بە پێشمەرگە بۆ ئەم شەڕە بۆ ئەوەی سەرکەوتووانە بکرێت، چونکە ئەم شەڕە بۆ ئێمەش بووە. پێویستە روون بین کە ئەم شەڕە کۆتایی نەهاتووە. ئێمە زۆر هەنگاو بەرەوپێشەوە رۆیشتووین، بەڵام نەگەیشتووینەتە ئەوەی کە بڵێین داعش لەنێو چووە؛ بۆیەش بۆ من گرنگە بوو کە روون بم و بڵێم بەشداریکردنی ئەڵمانیا لەم شەڕەدا پێویستە بەردەوامی پێبدرێت".

لامبرێشت لە وەڵامی پرسیاری هادی سەلیمی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی ئەوەی "هەرێمی کوردستان تاچەندە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەڵمانیا بەتایبەتی گرنگە؟" گوتی، "من بە مەبەستەوە ئەم سەردانەم بەم شێوەیە هەڵبژارد، چونکە پێویستە روون بین کە شەڕی دژی داعش، شەڕی دژی تیرۆر شەڕێکی پەیوەندیدار نییە تەنیا بە هەرێمێکەوە و لێرە بکرێت و ئیدی پەیوەندی بە ئێمەوە لە ئەوروپا و ئەڵمانیا نەبێت، بەڵکو دۆخەکە پێچەوانەیە؛ ئەمەش بۆ من گرنگ بوو کە روونی بکەمەوە".

وەزیرە ئەڵمانییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە ئاگادارین چ کارێکی گەورە لێرە ئەنجامدەدرێت، بەڵام دەبێ بەشداربین و پشتگیریکەر بین، چونکە ئەم شەڕە پەیوەندی بە ئێمەوەش هەیە؛ ئەم رۆژانە زۆر گرنگ بوون؛ گفتوگۆی زۆر گرنگمان هەبوو بۆئەوەی ئەزموون و زانیاری تەواو وەربگرین و ئەوەشمان لێرە بەدەستهێنا. گفتوگۆی زۆر بونیادنەرانە بوون".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گوتی، "ئێمە ئێستا لە ئەڵمانیا زۆر بە چڕی دانوستاندن لە سەر ئەوە دەکەین ئەم بەشدارییە لە ئاییندەدا چۆن بێت. ئێمە لە حکومەتی نوێی هاوپەیمانییدا لە سەر ئەوە رێککەوتووین کە هەموو ئەرکەکانی سوپاکەمان دەخەینە ژێر پێداچوونەوەوە کە ئایا ئامانجە دروستەکان دەپێکن یان نا؟ ئەوە بۆ ئەرکەکەی سوپاکەمان لە عێراق و ئوردن ئەنجامدەدەین".
 

 

ئەمڕۆ یەکشەممە 09-01-2022 وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەردوولا لەسەر هەندێک پرس هاوڕا بوون؛ وەزیرە ئەڵمانییەکە گەشبینیی خۆی بۆ داهاتووی کاری هاوبەش لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
 
لە کۆبوونەوەی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەریەکە لە دڵشاد بارزانی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە؛ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداربوون.
 
دەقی قسەکانی کرستینە لامبرێشت، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە هەولێر:
 
بۆ من شانازییەکی گەورە بوو کە ئەمڕۆ توانیم لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان قسە بکەم. پێم گرنگ بوو کە جارێکی دیکە رێزی گەورەی خۆمان پێیان رابگەیێنم بۆ ئەو کارە گەورەیەی لێرە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، رووبەڕووبوونەوەی داعش لە کوردستان ئەنجامدراوە. زۆر، زۆر قوربانی دراون کە ئێمە بە رێزێکی گەورەوە لێیان دەڕوانین، چونکە بابەتەکە ئەوە نییە کە شەڕی دژی تیرۆر تەنیا لەم هەرێمەوە دەکرێت، بەڵکو ئەمە شەڕێکە کە هەموومان پێکەوە دەیکەین؛ ئەمە شەڕێکە پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە، بە ئەوروپا و ئەڵمانیاشەوە. بۆیە زۆر مەبەستم بوو کە سوپاسێکی لە دڵەوە و ستایشی خۆمان دەرببڕین بۆ ئەم کارە گەورەیەی کراوە.
 
زۆر باش لەیادمە ئەو کاتەی ئەندامی پەرلەمان بووم بڕیارماندا بە پێدانی چەک بە پێشمەرگە بۆ ئەم شەڕە بۆ ئەوەی سەرکەوتووانە بکرێت، چونکە ئەم شەڕە بۆ ئێمەش بووە. پێویستە روون بین کە ئەم شەڕە کۆتایی نەهاتووە. ئێمە زۆر هەنگاو بەرەوپێشەوە رۆیشتووین، بەڵام نەگەیشتووینەتە ئەوەی کە بڵێین داعش لەنێو چووە؛ بۆیەش بۆ من گرنگە بوو کە روون بم و بڵێم بەشداریکردنی ئەڵمانیا لەم شەڕەدا پێویستە بەردەوامی پێبدرێت. ئێمە ئێستا لە ئەڵمانیا زۆر بە چڕی دانوستاندن لە سەر ئەوە دەکەین ئەم بەشدارییە لە ئاییندەدا چۆن بێت. ئێمە لە حکومەتی نوێی هاوپەیمانییدا لە سەر ئەوە رێککەوتووین کە هەموو ئەرکەکانی سوپاکەمان دەخەینە ژێر پێداچوونەوەوە کە ئایا ئامانجە دروستەکان دەپێکن یان نا؟ ئەوە بۆ ئەرکەکەی سوپاکەمان لە عێراق و ئوردن ئەنجامدەدەین.
 
دوو رۆژی زۆر سەرنجڕاکێشم هەبوون، چونکە دەمویست بزانم بەشداریکردنەکەمان چۆن دەبێت. ئەوەی من زۆر خۆشحاڵ دەکات و شانازی پێوە دەکەم ئەوەیە کە کارە نایابەکەی ژن و پیاوە سەربازەکانمان بەهایەکی گەورەی بۆ دادەنرێت و وەکو پشکێکی گرنگی ئەم هاوئاهەنگییە وەردەگیرێت؛ ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئێمە زۆر ژن و پیاوی سەربازی زۆر باشمان لێرە هەن. زانیاری زۆر باشمان پێدراوە لەبارەی رەوشی ئێستا و وێنەیەکی زۆر باشی رەوشەکە لە ئوردن و عێراق و هەروەها ئێستاش لێرە لە کوردستان بۆمان دروستبووە. ئەمەش شتێکی باش دەبێت لەم گفتوگۆیەدا کە دەبێت چۆن بەردەوام بین، بەڵام دەتوانم بڵێم کە ئێمە بەردەوام دەبین لەم پشتگیرییە، چونکە ئەمە شەڕێکە بە کۆنکرێتی پەیوەندی بە ئێمەوەش هەیە.
 
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا:
 
رووداو: بەڕێز وەزیر، لە دووەم سەردانتان بۆ دەرەوەی ئەڵمانیا، سەردانی عێراقتان کرد و بەتایبەتیش سەردانی هەرێمی کوردستان. ئەم ناوچەیە چەند گرنگە بۆ ئەڵمانیا بەتایبەتی و بەشێوەیەکی گشتیش بۆ هاوپەیمانان، لە میانی کۆبوونەوەکەتاندا لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، گرنگترین بابەت چی بوون کە لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی تاوتوێتان کرد؟
 
کرستینە لامبرێشت: من بە مەبەستەوە ئەم سەردانەم بەم شێوەیە هەڵبژارد، چونکە پێویستە روون بین کە شەڕی دژی داعش، شەڕی دژی تیرۆر شەڕێکی پەیوەندیدار نییە تەنیا بە هەرێمێکەوە و لێرە بکرێت و ئیدی پەیوەندی بە ئێمەوە لە ئەوروپا و ئەڵمانیا نەبێت، بەڵکو دۆخەکە پێچەوانەیە؛ ئەمەش بۆ من گرنگ بوو کە روونی بکەمەوە. ئێمە ئاگادارین چ کارێکی گەورە لێرە ئەنجامدەدرێت، بەڵام دەبێ بەشداربین و پشتگیریکەر بین، چونکە ئەم شەڕە پەیوەندی بە ئێمەوەش هەیە؛ ئەم رۆژانە زۆر گرنگ بوون؛ گفتوگۆی زۆر گرنگمان هەبوو بۆئەوەی ئەزموون و زانیاری تەواو وەربگرین و ئەوەشمان لێرە بەدەستهێنا. گفتوگۆی زۆر بونیادنەرانە بوون.