رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی دووشەممە 10-1-2022، لەژێر چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە مەراسیمێكدا، سێ پرۆژەی كارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بکرێتەوە. سەرپەرشتیاری ئیدارەکەش دەڵێت، بەهۆی لافاوەوە دواکەوت و دەبوو پێش سەری ساڵ بکرێنەوە.
سێ پڕۆژە، کە بە گوژمەی حەوت ملیۆن دۆلار جێبەجێکراون، بریتین لە گۆڕینی تەلی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی نێوان وێستگەی شەقڵاوە – خەلیفان بە درێژایی 37 كیلۆمەتر، راكێشانی هێڵێكی نوێی 132 kv لە خەلیفان – وێستگەی سۆران بە درێژایی 16 كیلۆمەتر، فراوانكردنی وێستگەی سۆران بۆ دوو هێڵ.
رۆژی یەکشەممە 9-1-2022، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەواوبوونی پڕۆژەکان دۆخی کارەبا لە ناوچەکەدا بەرەو باشتر دەبات.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، هێڵی کارەبای شەقڵاوە – خەلیفان توانای گواستنەوەی کارەبا بەهێز دەکات، بەشێوەیەک پێشتر توانای گواستنەوەی هێڵەکە 100 مێگاوات کارەبا بوو، ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 170 مێگاوات.
رۆژی دووشەممە 3-1-2022، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبای لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، ساڵی 2018 بەراورد بە ساڵی 2021 بەرهەمهێنانی کارەبا بە رێژەی 26% زیادبووە، لەگەڵ ئەوەشدا خواست لەسەر کارەبا و هاوبەشانی کارەبا زیادیان کردووە.
لە هەرێمی کوردستان دوو جۆر کارەبا هەن، کارەبای نیشتمانیی و کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان، بە هەردوو جۆرەکەوە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە 24 کاژێر کارەبا بگەیێندرێتە هاونیشتمانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ