پەرلەمان کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی دەکات

09-01-2020
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو - هەولێر 

 

هەردوو لیژنەی دارایی و یاسایی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرۆژەیاسای چاکسازی کۆدەبنەوە و جێگری سەرۆکی لیژنەی داراییش دەڵێت "دوای پەسندکردنی پرۆژەیاساکە، یاسای خانەنشینی یەکدەخەین".
 
هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە هەردوو لیژنەی دارایی و یاسایی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرۆژە یاسای چاکسازییەوە کۆدەبنەوە و راپۆرتی کۆتایی پرۆژەکە دەدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمان و هەفتەی داهاتووش خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت.
 
هێڤیدار ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد "بەگوێرەی پرۆژەیاساکە، کەمترین مووچە 300 هەزار دینار دەبێت، هەروەها هەر فەرمانبەرێک 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و تەمەنی بگاتە 45 ساڵ خۆویستانە دەتوانێت خۆی خانەنشین بکات، هەروەها لە تەمەنی 63 ساڵیدا حکومەت خانەنشینی دەکات".
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشکرد، 10 یاسای خانەنشینی هەن، دوای پەسندکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی، یاساکانی خانەنشینی یەکدەخەین و هەوڵدەدەین بکرێتە یەک یاسایی تێروتەسەل.
 
ئەمە لەکاتێکدایە پەرلەمانی کوردستان لە نووسراوێکیدا بۆ کۆبوونەوە لە رۆژی شەممەی داهاتوو بانگهێشتی پەرلەمانتارانی کوردستان دەکات.
 
لە بانگهێشتنامەکەی پەرلەماندا هاتوو "بە پشتبەستن بە حوکمی بڕگەی سێیەم لە ماددەی 18ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانی_ عێراق، بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئەندامە بەڕێزەکانی پەرلەمان بکەین بۆ دانیشتنی ژمارە 13ـی ئاسایی ساڵی یەکەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان_ عێراق، لە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 12ـی 1ـی 2020، تکایە لەکاتی دیاریکراودا ئامادەبن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە