به‌هۆی شووكردنه‌وه‌ى هاوژینى پێشووى گه‌نجێكی كۆبانێ له‌ چه‌مچه‌ماڵ خۆی ده‌كوژێ

09-01-2020
تریسكە شێرزاد
A+ A-
 
رووداو – چه‌مچه‌ماڵ

محه‌ممه‌د ئۆتۆمبێله‌كه‌ى باوكى ده‌بات و ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، كه‌سوكاره‌كه‌ى چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندى پێوه‌ ده‌كه‌ن و وه‌ڵام ناداته‌وه‌، دواتر پۆلیس ته‌رمه‌كه‌ی له‌نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا ده‌دۆزنه‌وه‌.
 
شه‌وی 31-12-2019، گه‌نجێكى ته‌مه‌ن 25 ساڵ كه‌ خه‌ڵكى كۆبانێى رۆژاڤاى كوردستانه‌ و ماوه‌ى حه‌وت ساڵه‌ له‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ نیشته‌جێیه‌، له‌ نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌ى باوكیدا خۆى كوشت، رۆژى دواتر پۆلیس ته‌رمه‌كه‌یان دۆزییه‌وه‌ و كه‌سوكاره‌كه‌یان له‌ رووداوه‌كه‌ ئاگادار كرده‌وه‌.
 
هاوڕێ زه‌نگه‌نه‌ كه‌ خه‌ڵكى چه‌مچه‌ماڵه‌ و تێكه‌ڵاوى له‌گه‌ڵ ئه‌و خێزانه‌ هه‌بووه‌، به‌ (رووداو)ى گوت: "ئه‌و خێزانه‌ ماوه‌ى حه‌وت ساڵه‌ هاتوونه‌ته‌ چه‌مچه‌ماڵ. من له‌ رێگه‌ى ژن و ژنخوازییه‌وه‌ پێنج ساڵه‌ ده‌یانناسم".
 
به‌ گوته‌ى هاوڕێ، محه‌ممه‌د دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ كچێك خێزانی پێكهێناوه‌ كه‌ پێشتر په‌یوه‌ندیى خۆشه‌ویستییان هه‌بووه‌. هاوڕێ ده‌ڵێت ئه‌و خێزانه‌ زۆر بێ كێشه‌ بوون، محه‌ممه‌د له‌گه‌ڵ باوكى سه‌رقاڵى لێدانى بیرى ئاو بوون. هه‌موو ئامانجى محه‌ممه‌دیش ئه‌وه‌ بوو خێزانه‌كه‌ى دڵخۆش بكات، به‌ڵام زۆرى نه‌برد كێشه‌ كه‌وته‌ نێوانیان و كێشه‌كه‌ش درێژ بووه‌وه‌ و به‌ جیابوونه‌وه‌ كۆتایى هات.
 
هاوڕێ گوتى: "من له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌و خێزانه‌ ده‌ناسم، به‌رده‌وام له‌ نێوخۆیاندا كێشه‌یان هه‌بوو، ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر  محه‌ممه‌د و ژنه‌كه‌ی  چوونه‌ دادگا و جیابوونه‌وه‌، به‌ڵام محه‌ممه‌د ژنه‌كه‌ی زۆر خۆشده‌ویست، به‌ جیابوونه‌وه‌ى زۆر ناڕه‌حه‌ت بوو، نه‌یده‌توانى ژنه‌كه‌ى له‌بیر بكات، چونكه‌ به‌ خۆشه‌ویستى هێنابووی".
 
محه‌ممه‌د خۆى كێشه‌ى كه‌م نه‌بوو، كێشه‌ى خوشكه‌كه‌شى هاته‌سه‌ر، هاوڕێ گوتى: "دوای چه‌ند مانگێك له‌ جیابوونه‌وه‌ی محه‌ممه‌د له‌ ژنه‌كه‌ی، خوشكه‌كه‌ی شووی به‌ پیاوێك كرد، به‌ڵام ته‌نیا چوار رۆژ له‌لاى مێرده‌كه‌ی بوو، به‌بێ هیچ هۆكارێك ژنه‌كه‌ى له‌ گه‌راجى چه‌مچه‌ماڵ دانابوو، ته‌له‌فۆنى بۆ باوكى كردبوو گوتبووى ئه‌وه‌ كچه‌كه‌تم بۆ ناردیته‌وه‌ و لێى جیاده‌بمه‌وه‌".
محه‌ممه‌د سه‌ربارى كێشه‌كه‌ى خۆى، به‌و بارودۆخه‌ى به‌سه‌ر خوشكه‌كه‌شى هات، زۆر نیگه‌ران بوو، ده‌یویست تۆڵه‌ى خوشكه‌كه‌ى له‌ زاواكه‌یان بكاته‌وه‌.
 
 هاوڕێ گوتی: "دوای ناردنه‌وه‌ى خوشكه‌كه‌ى، محه‌ممه‌د ده‌مانچه‌یه‌كى كڕى، به‌رده‌وام ده‌مانچه‌كه‌ى له‌لا بوو ده‌یویست تۆڵه‌ى ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر خوشكه‌كه‌یدا هاتووه‌ بكاته‌وه‌. رۆژێك له‌گه‌ڵ براكه‌ى چووبوون له‌ زاواكه‌یان بده‌ن، به‌ڵام له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركران و دواى مانگێك ئازاد كران".
 
محه‌ممه‌د خه‌مه‌كانى هێنده‌ زۆر بوون، رووى له‌ خواردنه‌وه‌ى ئه‌لكهول كردبوو. هاوڕێ ده‌ڵێت: "محه‌ممه‌د پێشتر به‌ هیچ جۆرێك نه‌یده‌خوارده‌وه‌، به‌ڵام دواى ئه‌و كێشانه‌ رووى له‌ خواردنه‌وه‌ كرد، زۆربه‌ى شه‌وان به‌ سه‌رخۆشى ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌".
 
 هاوڕێ باسی ئه‌و هه‌واڵه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و پێیوایه‌ بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى محه‌ممه‌د خۆى بكوژێ و ده‌ڵێت: "دوو هه‌فته‌ به‌رله‌وه‌ى خۆى بكوژێ، محه‌ممه‌د هه‌واڵی بۆ هات كه‌ ژنه‌ كۆنه‌كه‌ی شووى كردووه‌ته‌وه‌. به‌و هه‌واڵه‌ زۆر تێكچوو، چونكه‌ سه‌ره‌ڕاى جیابوونه‌وه‌ش، ئومێدى هه‌بوو جارێكى دیكه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ لاى یه‌كدى".
 
 سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری جیابوونه‌وه‌ی محه‌ممه‌د و ژنه‌كه‌ی، هاوڕێ گوتی: "ئێمه‌ نه‌مانزانی بۆچی جیابوونه‌ته‌وه‌، كاتێك له‌ محه‌ممه‌دمان ده‌پرسی، ده‌یگوت له‌گه‌ڵ یه‌كدى نه‌گونجاین، نه‌یده‌گوت بۆچى نه‌ده‌گونجان".
 
هاوڕێ باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ محه‌ممه‌د رۆژێك به‌ر له‌وه‌ى خۆى بكوژێ، سویچی ئۆتۆمبێله‌كه‌ى باوكى بردبوو چووبووه‌ ده‌ره‌وه‌، باوك و براكانى هه‌رچه‌ند بانگیان كردبوو، وه‌ڵامى نه‌دابوونه‌وه‌، دواتر چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردبوو، به‌ڵام هه‌ر وه‌ڵامى نه‌بوو، بۆیه‌ پۆلیسیان ئاگادار كردبووه‌وه‌.
 
هاوڕێ گوتی: "شه‌وى سه‌رى ساڵ ئه‌وان هه‌موویان له‌لاى ئێمه‌ بوون، له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بووین خۆى بكوژێ، پێمانوابوو شه‌وى سه‌رى ساڵه‌ و بۆ خۆى چووه‌ته‌ شوێنێك".
 
رۆژی 1-1-2020 پۆلیس ته‌رمى كه‌سێك له‌نێو ئۆتۆمبێلێكدا له‌ نزیك زانكۆى چه‌رمۆ له‌ چه‌مچه‌ماڵ ده‌دۆزنه‌وه‌. كاتێك ده‌زانن باوكى محه‌ممه‌د پێشتر پۆلیسى له‌ ونبوونى كوڕه‌كه‌ى ئاگادار كردووته‌وه‌، په‌یوه‌ندى پێوه‌ ده‌كه‌ن. پاش ئه‌وه‌ی باوكى ده‌چێته‌ شوێنه‌كه‌، ده‌بینێ محه‌ممه‌د به‌ گولله‌یه‌ك كۆتایى به‌ ژیانى خۆى هێناوه‌".
 
هاوڕێ پێیوایه‌ تاكه‌ هۆكارى خۆكوشتنى محه‌ممه‌د ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌رگه‌ى شووكردنه‌وه‌ى هاوژینى پێشووى نه‌گرتووه‌، ته‌نانه‌ت كه‌سوكاره‌كه‌شى له‌ پرسه‌كه‌یدا گومانیان هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ ده‌چوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.