محەممەد خورشید: ناو و لۆگۆ بۆ لیستی هاوبەشی کوردستانی لە کەرکووک پێشنیازکراوە

رووداو - هەولێر

بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک دەڵێت، هەموو لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک هاوڕان لەسەر ئەوەی بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن و ناو و لۆگۆش پێشنیازکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری کۆتایی نەداوە. دەشڵێت بۆ گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک دەبێ دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، چونکە "کەرکووک داگیرکراوە".

د.محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک لەبارەی هەنگاوەکان بۆ دروستکردنی لیستێکی هاوپەیمانی لە کەرکووک لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی ئەو شارە و خاڵە ناکۆکەکانی بەردەم دروستکردنی ئەو لیستە هاوبەشە، رایگەیاند: "هیچ خاڵێکی ناکۆک نییە. مەسەلەی دروستکردنی لیستەکە لە سەرەتای کارەکانە، پێویستی بەوە هەیە هێواش هێواش بچێتە پێشەوە بۆ ئەوەی بتوانین کارەکان رێکبخەینەوە".

ئەو سەرکردەیەی پارتی رەتیدەکاتەوە، پرسی سەرۆکایەتیکردنی ئەو لیستە هاوبەش یەکێک بێت لە خاڵە ناکۆکەکان و دەڵێت "بڕوا ناکەم هیچ ناکۆکییەک لەسەر ئەو پرسە هەبێت، ئەسڵەن باسی ئەو بابەتە هەر نەکراوە".

دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر پارتی نەگەڕاوەتەوە کەرکووک، بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دەڵێت، هەر ئەوە هۆکار بووە بۆ ئەوەی بەشداری کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکان نەکەن. دەشڵێ "بەردەوام پەیوەندیمان هەبووە و لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەو کۆبوونەوانە کردووە، کۆکین لەسەر ئەوەی لیستێکی لە سەرجەم حیزبە کوردستانییەکان دروست ببێت، پارتیش پاڵپشتی ئەو بیرۆکەیەی کردووە و لەگەڵ یەکڕیزین لە کەرکووک.

بەگوتەی محەممەد خورشیدا ناوێک بۆ هاوپەیمانیێتیەکە پێشنیازکراوە و "جێگەی رەزامەندییە". هەروەها لەسەر لۆگۆکەش "رەزامەندی پیشاندراوە".

محەممەد خورشید ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی بڕیاردراوە کە لق و مەڵبەند یەکدی ببینین، بۆ ئەوەی ئالیەتی بەشداری و چۆنێتی بەشداری دیاریبکرێت، "چونکە یەکێک لە گرفتەکانی ئێمە بارەگا سەرەکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بڕیاری حکومەتی عێراقی لە ناوەندی شار و لە قەزاکان بە گشتی داگیرکراوە".

محەممەد خورشید دەڵێت "کەرکووک فرۆشراوە و داگیرکراوە، چۆن دەتوانین مامەڵە بکەین و چۆن حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی بەغدا لەسەر ئەو شتانە رێکدەکەوێت، چۆن ئێمەش وەکو پارتی لە رێگەی ئەو دەسەڵاتە سەربازییەی کە لەکەرکووکە دەگەینە ئەو بڕوایە کە بچینەوە،  بۆ گەڕانەوەی پارتیش بۆ کەرکووک دەبێت دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، بەڵام کار بۆ ئەوە نەکراوە".

بەگوتەی بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک هەموو حیزبە کوردستانییەکان لەگەڵ بیرۆکەی دروستکردنی لیستێکی هاوبەشن لە کەرکووک، تەنیا "بزووتنەوەی گۆڕان ماوە بڕیار بدات و دەڵێت "لە دوا کۆبوونەوەمان لەگەڵ حیزبی شیوعی، زەحمەتکێشان، سۆسیالیست، کۆمەڵ، یەکگرتوو و یەکێتی، هەموو لایەک کۆکن لەسەر ئەو بابەتە، تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان نەبێت، کە پێیانوابووە دەبێت بڕیارەکە لە جڤاتی بزووتنەوەکەوە بدرێت".

داڕشتنەوە: حەکیم داود