سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان داوای کۆبوونەوە دەکات و دیوانی پەرلەمان بە "ناپەیڕەویی" دەزانێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان داوا لە پەرلەمانتاران دەکات، سێشەممە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان ئامادە بن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان. جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمان دەڵێت: "بانگهێشتەکە پەیڕەویی نییە و ئێمە ئاگادار نین".
محەممەد سلێمان، سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە، 08-12-2024، رایگەیاند: "داوا لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دەکەین، سێشەممە 10-12-2024 کاژێر 11:00 لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان".
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمەش بانگهێشتەکەمان بینیوە، بەڵام سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان بە فەرمی ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە، کە بەگوێرەی پەیڕەو دەبووایە بە ئێمە بڵێت ئامادەکاری بۆ بکەین".
هیوا نەسرەدین گوتی: "ئێمە ئاگادارنین لەو بانگهێشتە، بۆیە ناپەیڕەوییە و پەرلەمانتارانیش ئەگەر راگەیێندراوی بانگهێشتنامە لە سایتی پەرلەمان بڵاونەبێتەوە ئامادەی کۆبوونەوە نابن".
02-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا، تێیدا بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان دوو بەربژێری هەبوون، ئەوانیش ڤالا فەرید و هەڵگورد شێخ نەجیب. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە هەمان شێوە دوو کەسی بۆ پۆستەکە بەربژێر کرد، کە میران محەممەد و شاڵاو کۆسرەت رەسوول بوون. نەوەی نوێش بەربژێرێکی بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەیە، کە کوردەوان جەمالە.
بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش هەریەکە لە بەهجەت عەلی و مەرد عەلی رەسوول لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێد حەمەساڵح و ئازاد حەمەئەمین لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها عەدنان حوسێن لە نەوەی نوێ خۆیان بەربژێر کرد.
بۆ پۆستی سکرتێری پەرلەمانیش لە یەکێتی، شیرین یونس و شلێر غەفوور. هاڤین سەعید لە پارتی، سەوسەن کاکەمەند، لە نەوەی نوێ، نەجدەت نووری پێکهاتەی تورکمان لە سلێمانی و رامی نووری لە پێکهاتەی کریستیانەکان لە هەولێر، بەربژێرن.
جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "بەگوێرەی پەیڕەی نێوخۆی پەرلەمان، جارێکی دیکە دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ناکرێتەوە و دەبێت ئەوانەی خۆیان بەربژێر کردووە، یەکێک لەوانە هەڵبژێردرێت بۆ پۆستەکانی سەرۆک، سکرتێر و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان".
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ بە 15 کورسییان بەدەستهێنا.