باڵیۆزخانەی چین لە عێراق: هەفتەی داهاتوو رسوماتی ڤیزا کەمدەکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزخانەی چین لە عێراق رایگەیاند لە رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتووەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو رسوماتی ڤیزای وڵاتەکەی بۆ هاووڵاتییانی عێراق، بەپێی ژمارەی گەشتکردن کەمدەکاتەوە، کە رسوماتەکە لە نێوان 38 بۆ 113 دۆلار دەبێت. 
 
رۆژی هەینی، 8-12-2023، باڵیۆزخانەی چین لە عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لەپێناو ئاسانکردنی ئاڵوگۆڕی نێوان تاکەکان لەنێوان چین و وڵاتانی بیانی، باڵیۆزخانەی چین لە عێراق کەمکردنەوەی رسوماتی ڤیزا لە رۆژی دووشەممە، 11ـی ئەم مانگە تاوەکو 31ـی کانووی یەکەمی ساڵی 2024 کەمدەکاتەوە." دەشڵێت، "سەبارەت بەو داواکارییانەی پێش رۆژی 11ـی ئەم مانگە پێشکێشکراون بەهەمان پێوەر و سیستەمی پێشوو دەبێت."
 
باڵیۆزخانەی چین لە عێراق کە رسوماتی ڤیزای وڵاتەکەی بە دۆلار بڵاوکردووەتەوە، لە لیستێکدا نرخە نوێیەکانی بەمشێوەیە ئاشکراکردووە:
 
- بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق: 
چوون بۆ یەکجار 38 دۆلار، بۆ دووجار 56 دۆلار، بۆ چەند جارێک لە ماوەی شەش مانگدا 75 دۆلار، بۆ چەند جارێک چوون لە ماوەی ساڵێکدا 113 دۆلار، ڤیزای بەکۆمەڵ 30 دۆلار.
 
- هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکە (جگە لە هەندێک وڵاتێک نەبێت): 
چوون بۆ یەکجار 30 دۆلار، بۆ دووجار 45 دۆلار، بۆ چەند جارێک لەماوەی شەش مانگدا 60 دۆلار، بۆ چەند جارێک چوون لەماوەی ساڵێکدا 90 دۆلار، ڤیزای بەکۆمەڵ 24 دۆلار.
 
باڵیۆزخانەی چین لە عێراق ئەم ژمارە تەلەفۆن و ئیمەیڵەی بڵاوکردووەتەوە بۆ زانیاری و وەرگرتنی ڤیزا: 
 
00964-7700811360

baghdad@csm.mfa.gov.cn  
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو رسوماتی پێدانی ڤیزا بۆ نیوە زیاتر کەمکراوەتەوە، لەکاتێکدا ئێستا نرخی ڤیزای چین نزیکەی 2150 دۆلار دەبێت بۆ کەسێک یەکەمجاری بێت سەردانی ئەو وڵاتە بکات و ئەگەر دووەمجاریشی بێت، 1250 دۆلار دەبێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 12-11-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە  لیۆ جیۆن، کونسوڵی گشتی چین لە هەولێر کرد، یەکێک لە تەوەرەکانی باس رێکارەکانی پێدانى ڤیزاى چین بوو کە بڕیارە لەسەرەتای ساڵى 2024ـەوە راستەوخۆ لە هەولێر ڤیزا بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بدرێت.
 
ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق، رۆژی شەممە،25-11-2023، لە رێوڕەسمێکدا ئاشکرای کرد، "کۆماری میللیی چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عێراقە، لەساڵی 2022 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە نزیکەی 53 ملیار دۆلار."