وەزارەتی دەرەوەی عێراق: دەستدرێژیی گرووپە لادەرەکان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا سەرکۆنە دەکەین

رووداو دیجیتاڵ  

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکای سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، سەرجەم رێکارەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتە ئەمنییەکان گرتووەتەبەر و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بەسزاگەیاندنی ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە.

 

رۆژی هەینی، 08-12-2023، د.ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی بەیانیی ئەمڕۆی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "وەزارەتی دەرەوە ئەو دەستدرێژییانەی لەلایەن گرووپە لادەرەکانەوە کراوە رەتدەکەینەوە و سەرکۆنەی دەکەین، لەوبارەیەشەوە رژدبوونی خۆمان بۆ پابەندبوون بە شکۆی نێردەی دیبلۆماسییەکان و پاراستنی ئاسایشیان دووپات دەکەینەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە ئەوەش هاتووە، "جەخت دەکەینەوە دەسەڵاتە ئەمنییەکان هەموو رێکارەکانیان گرتووەتەبەر و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ راوەدوونانی ئەو کەسانەی هۆکارن بۆ ئەوەی بدرێنە دادگە تاوەکو بە سزای خۆیان وەربگرن و رێگە لە تێکدانی ئاسایشی نێردە دیبلۆماسییەکان بگیرێت."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، "لەگەڵ دەسەڵاتە ئەمنییەکان لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامین بەمەبەستی زانینی ئەو کەسانەی هۆکاری ئەو دەستدرێژییەن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە ئەو کارانە کاریگەرییان لەسەر رێڕەوی کاری دیبلۆماسی ناکات کە عێراق بایەخێکی زۆری پێدەدات."
 
رۆژی هەینی، 8-12-2023، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشە مووشەکییەی سەر باڵیۆزخانەکەیان رایگەیاند، "کاژێر 4:15ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 8ـی کانوونی یەکەم، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە دوو مووشەک رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بووەوە، هەڵسەنگاندنەکان بەردەوامن، تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکمان لەبارەی کەوتنەوەی زیان لە کۆمەڵگەی باڵیۆزخانە پێنەگەیشتووە."
 
سەبارەت بەو لایەنەی هێرشەکەی کردووە، باڵیۆزخانەکە گرووپەکانی سەر بە ئێران تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، "تاوەکو ئەم ساتە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن هێرشەکە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کراوە کە لە عێراقدا ئازادانە چالاکن."
 
گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداری دەدات و ناڕاستەوخۆ باسی وەڵامدانەوەی هێرشەکان دەکات و دەڵێت، "جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە مافی خۆمانە بەرگری لەخۆمان بکەین و فەرمانبەرانمان لەهەر شوێنێکی جیهان بێت بپارێزین."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، شەوی پێنجشەممە، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە 78 هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.