کەشناسی: سبەی باران دەبارێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی شەممە باران سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت، هەندێک جار دەبێتە لێزمەباران، پێشبینیش دەکات لە پارێزگای دهۆک "زۆرترین" باران ببارێت.
 
رۆژی هەینی، 08-12-2023، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی خۆی بۆ کەشوهەوای سبەی هەینی، 9-12-2023، بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سبەى شەممە، لە تەواوی ناوچەکەمان ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت، بەهۆی هاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەک بۆ سەر ناوچەکەمان کاتەکانی بەیانی زوو سەرەتا باران بەشێوەی مامناوەند لە باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان دەبارێت، پاشان تەواوی ناوچەکەمان دەگرێتەوە."
 
هەروەها دەڵێت، "هەندێک کات لێزمە باران دەبێت، بە تایبەت لە سنووری پارێزگای دهۆک کە پێشبینی دەکرێت زۆرترین دابارین لە سنووری ئەو پارێزگایە بێت."
 
بەپێی پێشبینیی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە کاتەکانى درەنگى شەو کۆتایى بەو شەپۆلە دێت و کەشەکە ئاسایی دەبێتەوە.
 
هەر سەبارەت بە کەشوهەوای رۆژی هەینی کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی ئەوەش دەکات خێرایى با، مامناوەند و لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر بێت، هەندێک کات چالاک دەبێت، ئاراستەی با، باشووری خۆرهەڵات دەبێت و مەودای بینین لەنێوان 7 بۆ 9 کیلۆمەتر دەبێت و پلەی گەرماش بەنزیکەی دوو بۆ چوار پلە بەبەراورد بە تۆمارکراوەکانی رۆژی هەینی نزمدەبێتەوە.
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ رۆژی شەممە، 9-12-2023، بە پلەی سیلیزی:
- هەولێر: 17 پلە
- سلێمانی: 16  پلە  
- دهۆک:  15پلە  
- کەرکووک: 18 پلە  
- هەڵەبجە: 17  پلە 
- زاخۆ : 16 پلە  
- گەرمیان: 21 پلە 
- حاجی ئۆمەران: 9 پلە  
- سۆران: 15 پلە