لە ورمێ سێ بەندکراوی کورد لە سێدارە دران

08-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سێ بەندکراوی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دران. هەر سێ هاونیشتیمانییەکە خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری ورمێن و بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەرەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
 
بەپێی زانیارییە خۆجێیەکان، ئەمڕۆ هەینی، 08-12-2023، سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی عەلی شاهین نەژاد، خەڵکی گوندی پێسانی سەر بە ناوچەی تەرگەوەر، سۆلەت تۆسەن خەڵکی گوندی قشلاقی تەرزیلیا و جانعەلی نەدیمی خەڵکی گوندی پیرانجخی سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ لە سێدارە دراون.
 
ئەو سێ هاونیشتیمانییە بە تۆمەتی قاچاخچیتی و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەستبەسەر کرابوون و دادگە بریاری سێدارەدانی بەسەریاندا سەپاندبوو و سزاکانیان لە لایەن دیوانی باڵای دادی ئێرانەوە پەسند کرابوو.
 
رۆژی چوارشەممە، 06-12-2023ش، دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی سیروس حەیدەری و خالید رۆحی لە گرتووخانەی سنە و بەندکراوێکیش بە ناوی کەمال ئیلهامی لە گرتووخانەی سەقز لەسێدارە درابوون.
 
بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، کەمال ئیلهامی بە تۆمەتی رفاندن، هەڵگرتنی کەرەستەی پۆلیس، دەستدرێژیکردنە سەر سەربازێکی مەهابادی لە سەقز و سیروس حەیدەری و خالید رۆحی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە سێدارە دراون.
 
هەروەها دوو هاونیشتیمانی دیکە بە ناوەکانی موجتەبا ئەمیری تەمەن 42 ساڵان و مەنووچێهر بەرزگەر تەمەن 40 ساڵان کە خەڵکی شاری هەرسین-ی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانن، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 05-12-2023، بە تۆمەتی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە گرتووخانەی ناوەندی شاری کەرەجی ئێران لەسێدارەدران.
 
لە لایەکی دیکەوە، رۆژی چوارشەممە، 06-12-2023، ژیلا موستەئجیر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بە رووداوی رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تائێستا 6 بەندکراوی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارەدراون.
 
ژیلا موستەئجیر گوتیشی، لە مانگی تشرینی دووەمی 2023شدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، 122 کەس لەسێدارە دراون، کە 19 کەسیان بەندکراوی کورد بوون کە 4 کەسیان لە ئیلام، 3 کەس لە ورمێ، 5 کەس لە کرماشان، 4 کەس لە لۆرستان و 3 کەسیان کوردی خوراسان بوون. لەو 19 بەندکراوەی کورد کە لەسێدارە دراون، 2یان بەندکراوی سیاسی-مەزهەبی بوون، 11یان بە تۆمەتی کۆشتنی بە ئەنقەست و 6 کەسیشیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەرەوە لەسێدارە دراون.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە