سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سۆران: پێنج لە مردووەکان کوردی رۆژئاوای کوردستانن

08-12-2023
ئەندام جەبار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەم شەوی هەینی ئاگر لە باڵەخانەیەک لە قەزای سۆران کەوتەوە، کە شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەک مامۆستا بووە، تائێستا بەهۆیەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت کەسیش بە برینداری لە نەخۆشخانەن.
 
پزیشکی دادی سۆران بە رووداوی گوت، "14 کەس گیانیان لەدەستداوە، حەوت برینداریش هەن کە چواریان کارمەندی بەرگریی شارستانین".
 
لەلایەکی دیکە، سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سۆران جگە لە پشتڕاستکردنەوەی گیانلەدەستدانی 14 کەس، بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا ئەوە روون بووەتەوە کە پێنج کەسیان کوردی رۆژئاوای کوردستانن و سێ کەسیان خەڵکی چۆمانن. خەڵکی سۆران و هەولێریش لە نێو سوتاوان دان. ژمارەیەک لەو کەسانەی سوتاون ناناسرێنەوە".
 
 باڵەخانەکە دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکی سۆران – چۆمان لە گەڕەکی جوندیانی سۆران.
 
ئەندام جەبار پەیامنێری رووداو دەڵێت، نهۆمی سێیەم و چوارەم شوێنی نیشتەجێبوونی مامۆستایان بوون و لەنێو قوربانییەکاندا مامۆستای ژن و پیاو هەن.
 
تائێستا دیار نییە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە، بەڵام نزیکەی کاژێرێک دوای رووداوەکە رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران بە رووداوی راگەیاند، ئەوانەی دیکە کە لەنێو باڵەخانەکە بوون رزگارکراون و ئێستا کەسی تێدا نەماوە، هەروەها ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە