رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو لە هەولێر چووە نزیک ئەو باڵەخانەیەی ئەم ئێوارەیە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو خۆی پێدا کێشا و دەڵێت، باڵەخانەکە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێرە، تەواو نەکراوە و هیچ کەسێکیشی تێدا نەبووە.
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئەم ئێوارەیە چووە نزیک ئەو باڵەخانەیەی کە هێزە ئەمنییەکان دەڵێن، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بەری کەوتووە و گوتی، "باڵەخانەکە بۆ نیشتەجێبوون دروست دەکرێت و جارێ تەواو نەبووە؛ لە کاتی هێرشەکەشدا هیچ کرێکارێک کاری تێدا نەکردووە و چۆڵ بووە".
باڵەخانەکە نزیکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. پەیامنێری رووداو گوتی، "هیچ پاشماوەیەکی هێرشەکەم لە باڵەخانەکە نەبینیوە"؛ گوتیشی، "بەگوێرەی شوێنی باڵەخانەکە، درۆنەکە ئاڕاستەی شوێنی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کراوە".
دڵنیا رەحمان گوتی، چووەتە باڵەخانەکە بۆ ئەوەی پاشماوەی هێرشەکە ببینێت، بەڵام پێش ئەو، هێزە ئەمنییەکان لە باڵەخانەکە بوون و شوێنەکەیان خاوێن کردووەتەوە.
لەبارەی هێرشەکەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی لە شاری هەولێر کردە ئامانج، بەڵام تەنیا زیانی مادی هەبووە.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە لە دژی هاووڵاتییانی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی عێراق بە بەرپرسیار دەزانین لە راگرتنی ئەم هەوڵانەی گرووپە لەیاسادەرچووەکان".
بەر لە ئەنجوومەنی ئاسایش، دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، "بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 8ی کانوونی یەکەمی 2023، کاتژمێر 18:05، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە".
تاوەکو ئێستا دیار نییە ئەنجامدەری هێرشەکە کێیە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان وەک موقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی ژمارەیەک هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا راگەیاندووە.
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا-پێنتاگۆن، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە، 78 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 60 سەرباز و کارمەندی ئەمریکی بە سووکی بریندار بوون؛ هەروەها بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا.
لە بەرامبەریشدا، ئەمریکا پێنج جار هێرشی کردووەتە سەر گرووپەکانی نزیک لە ئێران؛ سێجار لە سووریا، جارێک لە عێراق و جارێک لە کەرکووک لە باشووری کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ