ئاگر لە باڵەخانەیەکی سۆران کەوتەوە؛ 14 کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە باڵەخانەیەک لە قەزای سۆران لە پارێزگای هەولێر کەوتەوە و بەگوتەی تەندروستی قەزاکەش، تائێستا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەس بریندار بوون.
کەمێک پێش ئێستا باڵەخانەیەک لەسەر رێگەی سەرەکی سۆران – چۆمان کە لە گەڕەکی جوندیانی سۆران هەڵکەوتووە، بە هۆکارێکی نادیار ئاگری گرت و بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، باڵەخانەکە شوێنی نیشتەجێبوونە و تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئاگرەکەی کۆنتڕۆڵ بکرێت.
باڵەخانەکە تایبەتە بە شوێنی نیشتەجێبوونی مامۆستایانی زانکۆی سۆران.
کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران بە رووداوی گوت، تائێستا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەس بریندار بوون.
 
رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا ژمارەیەک هاووڵاتی لەنێو باڵەخانەکەدا ماون و رزگارنەکراون.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی سۆران هەوڵی رزگارکردنی ئەو هاووڵاتییانە دەدەن کە لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەکەدا گیریان خواردووە، بەڵام بەهۆی فراوانی ئاگرەکە، رزگارکردنی ئەو هاووڵاتییانە قورسە.
 
نزیکەی کاژێرێک دوای رووداوەکە گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە رووداوی راگەیاند، کە ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە.