ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق: بەمنزیکانە کێشەی کۆمپانیای کۆڕەک چارەسەر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەى گواستنەوە و پەیوەندییەکانى پەرلەمانى عێراق راگەیاند، چاوەڕاندەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کێشەکانی نێوان کۆڕەک تێلیکۆم و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی چارەسەرببێت و پەیوەندییەکانی نێوان کۆڕەک و کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەندیکردن ئاسایی ببێتەوە، دەشڵێت: "لێکتێگەیشتنی زۆر باش لەنێوان دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی و کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم هەیە."
 
کاروان یاروەیس، ئەندامى لیژنەى گواستنەوە و پەیوەندییەکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان دەستەی راگەیاندن و گەیاندن و کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشەیەی لەنێویاندا دروست بووە، هەیە، بڕیارە بەمنزیکانە هەردوولا جارێکی دیکە کۆببنەوە بۆ ئەوەی کۆنووسی چارەسەریی کۆتایی کێشەکانیان واژۆ بکەن و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی پەسندی بکات."
 
کاروان یاروەیس گوتی: "چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەو رێککەوتنە، کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم بەشی یەکەمی قەرزەکانی بداتەوە، پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیاکە و بەشداربووانی کۆمپانیاکانی ئاسیاسێل و زێن ئاسایی ببێتەوە. ئەو سزایانەی لەسەر هەڵبگیرێت، کە بەسەریدا سەپێندراون."
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەى گواستنەوە و پەیوەندییەکانى پەرلەمانى عێراقی راسپارد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆمپانیاکە. لیژنە پەرلەمانییەکە لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق و کۆمپانیاکە کۆبوونەتەوە.
 
سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکە، کاروان یاروەیس گوتی: "لە رۆشنایی کۆبوونەوەکاندا ئێمە راسپاردەکانی خۆمان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی و سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرزکردەوە، دواتر لەسەر راسپاردەی ئێمە لێژنەیەک لە لیژنەی ئێمە پێکهات، کە بڕیاردرا لەماوەی 15 رۆژدا لایەنە ناکۆکەکان بگەنە چارەسەریی بۆ کێشەکان." 
 
هەروەها باسی لەوەکرد کە دوو کۆبوونەوەی 12 کاژێرییان لەگەڵ هەردوو لایەنی کێشەکە کردەوە و دوای ئەوەی هەردوولا بۆچوون و داتا و بەڵگەی خۆیان خستەڕوو جۆرێک لێکتێگەیشتن دروستبووە و بە گوتەی ئەو "ماوەتەوە کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم بەفەرمی وەڵامی ئێمە بداتەوە و جارێکی دیکە کۆببینەوە و کۆنووسی چارەسەری کۆتایی کێشەکە واژۆبکەین و دواتر بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەرزبکەینەوە بۆ ئەوەی پەسند بکرێت، چونکە بەپێی یاسای بودجە کۆمپانیاکان کە قەرزیان لەسەرە، دەبێت ئەو قەرزانە بدەنەوە، هەروەها بەپێی یاسای گێڕانەوەی قەرزەکانیش کۆمپانیاکان دەتوانن بەشێوەی قیست قەرزەکان بدەنەوە."
 
بەپێی نووسراوێکی کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، کە رۆژی (چوارشەممە، 1-11-2023) بە ژمارە 2/ر/1/160675، بە ناونیشانی "پچڕانی پەیوەندیی نێوخۆیی"، ئاراستەی هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئەسیر بۆ پەیوەندییەکان و ئاسیاسێڵی کردووە، داوایان لێدەکات بەپێی فەرمانی ژمارە 65ـی ساڵی 2004ـی بەرکار و گرێبەستەکانی واژۆکراو لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆبایل، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تۆڕی پەیوەندییەکانی نێوخۆیی کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم بپچڕێنن.
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2023، کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سەرەڕای "ئەو نادادپەروەرییەی کۆمپانیاکەمان رووبەڕووی بووەتەوە و بەرامبەری کراوە و بەردەوامیشە، هەروەها ئەو هەنگاوە نایاسایییانەی کە لەلایەن کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و میدیاوە بەرامبەرمان گیراوەتەبەر بە نەخستنە رووی راستیی تەواو و پێدانی زانیاری ناتەواو بە دەسەڵاتی دادوەری." 
 
کۆمپانیاکەی بواری پەیوەندی ئاماژە بەوە دەکات، "هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە بڕیار بدات بە داخستنی کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری پەیوەندییەکان کە زیاتر لە حەوت ملیۆن بەشداربووی هەیە." 
 
کورەك تێلێکۆم یەکێکە لە كۆمپانياکانى خزمەتگوزاریی مۆبايل لەسەر ئاستى عێراق، کۆڕەک وەکو خۆی ئاماژەی بۆ کردووە، لە ساڵی 2000ـەوە بەشێوەیەکی بەرچاو لە باکووری عێراقدا دەستی بە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانی کرد، کە پێشەنگترین کۆمپانیای گەیاندن بوو، لە 17ـی  ئابی2007 کوڕەك یەکێك بوو لەو سێ کۆمپانیایەی مۆڵەتی کارکردنی لە سەرانسەری عێراق پێدرا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل و، ئێستا خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بە زیاتر لە 45 ملیۆن کەس لە سەرانسەری وڵات دەکات.