دامەزراندن بۆ پاسەوانی سنوور تەنیا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ناوچەی 1ی پاسەوانی سنوور، کە پاسەوانی سنووری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، رایدەگەیێنێت، بەهۆی بوونی هەندێک کێشە و لۆدێکی زۆر لەسەری، لە دوو رۆژی داهاتوودا لینکێکی نوێ بۆ دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور تەرخاندەکرێت و دەشڵێت، "تەنیا لە ماوەی 24 کاژێردا و دوای بڵاوکردنەوەی لە پۆرتاڵی رووداو، یەک ملیۆن کەس لینکەکەیان کردووەتەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە 08-12-2022 عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی پاسەوانی سنوور - ناوچەی یەک، لەبارەی لینکی دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای ئەوەی تۆڕی میدیایی رووداوی لینکەکەی بڵاوکردەوە لە ماوەیەکی پێوانەییدا یەک ملیۆن کەس سەردانی لینکەکەیان کردووە، هێشتا دیار نییە ئەوانەی لینکەکەیان کردووەتەوە فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە."
 
سەبارەت بەو کێشانەی لە لینکەکەدا هەیە ئەوەی ئاشکراکرد، "لەگەڵ ئەوەی هەندێک کەس بە هەڵە فۆرمەکانیان پڕکردووەتەوە و تەواو زانیاریی وردیان لەسەر فۆرمەکە نییە و بە هەڵە زانیارییەکانیان نووسیوە، بەڵام بەگشتی بەهۆی بوونی لۆدێکی زۆرەوە هەندێک کێشەش لەو لینکەدا هەبووە، بۆیە لە دوو رۆژی داهاتوودا فۆرمێکی نوێ تەرخاندەکرێت و خەڵک دەتوانن لەو لینکەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن."
 
هەروەها ئەوەشی روونکردەوە، وەرگرتن تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە خەڵکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانن و گوتی، "بەپێی لێدوانەکانی بەڕێز لیوا سەعد مەعن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دامەزراندن تەنیا خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."
 
شەوی سێشەممە 06-12-2022 وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەڕێگەی فۆرمێکی ئەلیکترۆنییەوە دەرگەی دامەزراندنی بۆ پاسەوانی سنوور کردەوە، بەڵام دواتر فۆرمە ئەلیکترۆنییەکەی لە ماڵپەڕەکەی لابرد.
 
فەرماندەیی ناوچەی 1ی پاسەوانی سنوور ئەرکی پاراستنی سنوورەکانە لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین.
 
لیوا سەعد مەعن: دامەزراندن بۆ پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک تەنیا بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستانە
 
رۆژی پێنجشەممە 08-12-2022 لیوا سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لەبارەی دامەزراندن لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور رایگەیاند، "پێشکێشکردن لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەخشییە، تایبەتە بە فەرماندەیی پاراستنی سنووری ناوچەی یەک، واتە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەمە بەشێکە لە پرۆسەی پشتیوانیکردنی هێزەکانی سنووری عێراق لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و لەگەڵ برایانمان لە هێزەکانی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستانی عێراق."
 
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاماژەی بەوەدا ئەو دامەزراندنە لە پاسەوانی سنوور تەنیا بۆ دانیشتووانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکە لە هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی پێنجشەممە 08-12-2022، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆی ئەندامانی ئەو هێزە ناتوانن بگەنە خاڵی سفری سنوور. ئەگەر هێزەکانیان بۆ زیاد نەکرێت و پشتیوانی نەکرێن. ئەمە لە تەواوی کۆبوونەوەکان باسکراوە. فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان و وەزیرە پەیوەندیدارەکان لە کاتی هاتنیان بۆ پەرلەمان ئەم گرفتەیان خستەڕوو. هەم لە پەرلەمان و هەمیشە لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بڕیاردرا و رێککەوتن کراوە پشتیوانیی هێزەکانی ناوچەی 1ی پاسەوانی سنوور بکرێت.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە بەلایەنی کەم ژمارەیان 10 بۆ 12 هەزار کەس بن. تاوەکو بەباشی ئەرکەکانیان بەجێبگەیێنن، بچنە ئەو خاڵانەی کە پێویستن و پشتیوانی بکرێن لەڕووی چەک و تەقەمەنی.
 
لە عێراق سێ ناوچەی هێزەکانی سنوور هەیە یەک و دوو و سێ. ناوچەی یەک، ئەرکی پاراستنی سنووری هەرێمی کوردستانە، کە بارەگاکەی لە هەولێرە، کۆی ئەندامانی ئەو فەرماندەییە نزیکەی 6500 کەسە.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، "بۆ دامەزراندن لە پێشترێتی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستانە، چونکە ناوچەیەکی سەختە رەنگە خەڵکی کوردستان زیاتر شارەزای بن ، ئەمە وێڕای مەشق و راهێنانی سەربازیی. هاوئاهەنگییەکی تەواو دروست بووە. بۆ ئەوەی ئەو بیانوونانەش ببڕێت لەبەردەم لایەنی هەرێمیی کە زۆر جار دەڵێن بۆشایی هەیە و لەوێوە هێرش دەکرێتە سەرمان، تاوەکو ئەو بۆشاییە نەمێنێت و پڕبکرێتەوە و پێویستە ئەو هێزە بچنە سەر خاڵی سفر و لەوێ بن. ئەو ژمارەی کە هەیانە بە لایەنی کەم 4 بۆ 5 هەزار کەسی دیکەیان بۆ زیاد بکرێت". 
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ئەو فۆرمەە راگەیێندراوە، بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی دەبێت، ئەوانەی مەرجەکانی تێدابێت وەردەگیرێن. وەک هەنگاوی یەکەم 3 هەزار وەردەگیرێن. پێویستە هەنگاوی دووەمیش هەبێت دواتر 3 هەزاری دیکە وەربگرێن. 
 
 
رۆژی سێشەممە 6-12-2022، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند لە رێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنی دەرگای دامەزراندن لەسەر میلاکی فەرماندەیی سنوور دەکاتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 6-12-2022، عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی پاسەوانی سنوور - ناوچەی یەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە ئاگادارکراینەوە کە ئەمشەو دەرگەی دامەزراندن بۆ پاسەوانی سنوور دەکرێتەوە و هەموو کەسێک کە مەرجەکانی تێدابێت کە لە فۆڕمەکەدا دیاری کراون، دەتوانێت ناوی خۆی تۆمار بکات."