15 هەزار عەرەبی هاوردە ناسنامە و کارتی زانیارییان گواستووەتەوە خانەقین


رووداو دیجیتاڵ

قۆناخێکی دیکەی بەعەرەبکردن خانەقینی گرتووەتەوە. لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە 15 هەزار عەرەبی هاوردە ناسنامە و کارتی زانیارییان گواستووەتەوە سەر خانەقین. هاونیشتمانییەک دەڵێت، "شارەکەمان پڕ بووە لە رووخساری نامۆ و تەعریب." 
 
سەلام ئازاد، مامۆستای بنەڕەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە دەموچاوەکان لەنێو شار دەبینین و لەبەرچاوە کە رێژەکە گۆڕاوە و خەڵکی عەرەب زیاتر بووە و، زۆربەی کار و مامەڵەکان لە رێگەی فەرمانگەی باری شارستانییەوە دەکرێت. هەموو ئەوانە دەرهاوێشتەی رووداوەکانی دوای 16ـی ئۆکتۆبەرن."
 
بڕیاری حکومەتی عێراقە کە نابێت لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ناسنامە بگوازرێتەوە، بەڵام لە خانەقین و کەرکووک ئەو بڕیارە کاری پێناکرێت.
 
زیادبوونی تەعریب و چوونی عەرەبی هاوردە بۆ خانەقین، کێشەکانی لە نووسینگەی ماددەی 140ـی دەستوور لە شارەکە قورس و ئاڵۆزتر کردووە. 
 
رەوا سەمیر، بەرپرسی نووسینگەی خانەقینی ماددەی 140 دەڵێت، "تەعریب لە خانەقین گەیشتووەتە هێڵی مەترسی، ئەگەر جاران کاروباری ماددەی 140 و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێویستی بە پێنج ساڵ بووبێت، ئێستا پێویستی بە 10 ساڵە تا کارەکانی جێبەجێ بکات. لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر لە خانەقین تەعریبێکی زۆر کراوە. نزیکەی 4280 خێزانی کورد لە گوندەکانی دەورەوبەی خانەقین نەماون."
 
لە خانەقین 24 گوندی کورد بە تەواوەتی تەعریبکراون، خوێندن لە 25 قوتابخانەی کوردی کراون بە زمانی عەرەبی و تاوەکو دێت مەترسیی تەعریبکردن زیاتر دەبێت. 
 
سۆزان مەنسور، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، "هەڵمەتێکی تەعریب بە رێگەوەیە و هەوڵێک هەیە بۆ تێکدانی دیموگرافیای خانەقین و بەڕاستی ئەوە جێگەی قبووڵ نییە. ئەو عەرەبانەی لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراق چوونەوە شوێنەکانی خۆیان، قەرەبووکرانەوە و ئێستا دەیانەوێت بێنەوە شارەکە." 
 
بەپێی ئاماری ماددەی 140ـی خانەقین، لە سەعدییە و قەرەتەپەی سنووری شارەکە تاکوتەرا کورد ماوە، رووبەری 184 هەزار دۆنم زەویی کورد تەعریبکراوە و مەترسیی تەعریب لەسەر 456 هەزار دۆنم زەویی دیکەش درووست بووە.