بێ بەنزینی ئەمبوڵانسەکانی فریاکەوتنی سلێمانی پەکخستووە؛ نەخۆش بە تاکسی هاتووچۆ دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

لەو ماوەیەی من لەوێ بووم، 20ـەمین پەیوەندیی تەلەفۆنی هاونیشتمانییانم گوێ لێ بوو بۆ سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی کە داوای ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیان دەکرد، بەڵام بەهۆی بێ بەنزینییەوە، کارمەندان پێیان دەگوتن، ئۆتۆمبێلەکان بەنزینیان تێدا نییە و داوای ئۆتۆمبێلی نەخۆشخانە تایبەتەکان بکەن. 
 
کارنەکردنی ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن گرفتی بۆ هاونیشتمانییان دروستکردووە و داوای زوو چارەسەرکردنی کێشەکە دەکەن.
 
رۆشنا ئەحمەد، هاونیشتمانییە و نەخۆشیان هەبووە، دەڵێت: کاتێک ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن نەبێت، ناچارین یان بە تاکسی یان بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی نەخۆشخانە تایبەتەکان نەخۆشەکەمان بگوازینەوە، لەکاتێکدا ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن باشترە، چونکە بە سەلامەت دەتگەیێنێتە شوێنی خۆت، نەک بە تاکسی هاتووچۆ بکەیت. ئەمڕۆ خۆمان دوو نەخۆشخانەمان کردووە و هەمووی بە تاکسی هاتووچۆمان کردووە.  
 
فاتیمە عەلی خۆی نەخۆشە، دەڵێت: ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەکە باشترە، من هەناسەم باش نییە و تاوەکو لە نەخۆشخانەکەوە دەگەمە سەر شەقامەکە کە تاکسی بگرم، دەبێت دوو سێ جار بووەستم و پشوو بدەم.
 
شۆڕش کەریم هاونیشتمانییەکی دیکەیە و کەسوکاری نەخۆشە، دەڵێت: نەخۆشەکەمان جەڵتە لێیداوە، ئەگەر ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن هەبووایە و بەنزینیان تێدا بووایە، بە ئەوە دەمانهێنا بۆ نەخۆشخانە، بەڵام کە نەبوو، بە ناچاری بە ئۆتۆمبێلی دیکە هێناومانە بۆ نەخۆشخانە.
 
لەماوەى ئەمساڵدا ئەوە سێیەم جارە سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی گرفتی بەنزینی بۆ دروست ببێت، ئەوەش بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزەکانی تەندروستیی سلێمانی و نەبوونی پارەی پێویست لە بانکەکان. چەندجارێکیش لە تەندروستیی سلێمانییەوە داوای پارەیان کردووە، بەڵام هێندەیان بۆ دابیننەکراوە کە کێشەکەیان بنەبڕ بکات.
 
بەرپرسانی تەندروستیی سلێمانی چاوەڕێن تاوەکو یەکشەممە کێشەکەیان چارەسەر بکرێت، بۆیە ئێستا ئامادەنەبوون هیچ قسەیەک لەسەر کێشەکە بکەن.
 
ئۆتۆمبێلەکانی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی رۆژانە پێویستیان بە هەزار تاوەکو دوو هەزار لیتر بەنزین هەیە بەپێی دەرچوونەکانیان کە رۆژانە بە تێکڕا نزیکەی 80 دەرچوونە.