بڕیارە هەفتەی داهاتوو پێنج حوکمدراوەکەی شیلادزێ ئازادبکرێن

08-12-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە پارێزەرانی حوکمدراوانی بادینان دەڵێت، بڕیارە هەفتەی داهاتوو پێنج لە حوکمدراوانی شیلادزێ  ئازادبکرێن، ئەوەش دوای ئەوەی ماوەی سزادانەکەیان تەواودەکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 8-12-2022، رەمەزان ئەرتیسی، یەکێک لە پارێزەرانی حوکمدراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە هەفتەی داهاتوو پێنج لە حوکمدراوانی بادینان ئازادبکرێن، چونکە سەرجەمیان ماوەی بەسەربردنی سزاکەیان تەواو دەبێت. دەبوایە ئەمڕۆ پێنجشەممە هەریەک لە یوسف شەریف و مەحموود ناجی سدیق ئازادبکرێن، چونکە ئەوان رۆژانی 8-12-2020 دەستگیرکراون و دوو ساڵی سزای خۆیان تەواوکردووە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی یەکێک لە دادوەرەکانی دادگەی تاوانی هەولێر، ئازادکردنیان دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو، چونکە بەپێی یاسا دەبێت سێ دادوەر واژۆی ئازادکردنەکە بکەن."
 
ئەو پارێزەرە گوتی، بەپێی رێکارە یاساییەکان، دەبێت رۆژی، 9-12-2022، کۆڤان تاریق کە رۆژی، 9-12-2020، دەستگیرکراوە، ئازادبکرێت؛ هەروەها هەریەک لە نێچیرڤان بەدیع لە 10-12-2022 و ئەمجەد یوسف لە 13-12-2022 ئازاد بکرێن، چونکە یەکەمیان رۆژی 10-12-2020 و دووەمیشیان 13-12-2020 دەستگیرکرابوون.
 
رۆژی دووشەممە، 16-5-2022، دادگەی دووی تاوانەكانی هەولێر پێنج کەسی دانیشتووی شیلادزێی پارێزگای دهۆکی دادگایی کرد کە نێوەڕاستی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 دەستگیرکرابوون و دادگە بە پشتبەستن بە ماددەی یەکی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003ـی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" حوکمی دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەو کەسانە دەرکرد.
 
حوکمدراوانی شیلادزێ ئەمانەن:
 
- یوسف شەریف ئیبراهیم، لەدایکبووی 2001
- مەحموود ناجی سدیق، لەدایکبووی 1996
- کۆڤان تارق جبرائیل، لەدایکبووی 1996
- ئەمجەد یوسف مستەفا، لەدایکبووی 1989
- نێچیرڤان بەدیع حاجی، لەدایکبووی 1993
 
لە ماددەی یەکی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003دا هاتووە: "هەرکەسێک بە دەست ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک لە کارێکدا تێوە بگلێت بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی هەتاهەتایی یان بە بەندکردنی کاتی سزا دەدرێت."
 
رۆژی سێشەممە، 2ـی ئابی 2022، رەمەزان ئەرتیسی، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمداراوانی بادینان لە لێدوانێک بۆ تۆڕی میدیایی رووداو هۆشداریی لەبارەی تێكچوونی تەندروستیی ئەو حوکمدراوانە دا و رایگەیاند: "بەهۆی ئازادنەکردنی بەمەرج کە رێگەیەکی یاساییە و پێشتر سێ کەس لە حوکمداراوانی بادینان بەو رێگەیە ئازادکراون، ماوەی 13 رۆژە پێنج لە حوکمدراوانی بادینان لە چاکسازیی هەولێر دەستیان بە مانگرتن کردووە و تەندروستییان تێكچووە، ئەگەر بە هانایانەوە نەچین دوور نییە گیانلەدەستبدەن، بەتایبەت نێچیرڤان بدیع کە جگە لە تووشبوونی بە ڤایرۆسی جگەر و خوێنبەربوون، هەردوو چاوەکانیشی بیناییان کەمبووەتەوە؛ هەروەها کۆڤان تاریق تووشی نەخۆشی پێست بووە و تەندروستیی تێکچووە. جگە لەوە ئەمجەد یوسفیش تووشی ڤایرۆسی جگەر بووە و باری تەندروستی خراپە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە