رووداو دیجیتاڵ
خۆپێشاندەرانی پێنجوێن هەڵیانکوتایە سەر بارەگای ناوچەی پارتی لە سنووری پێنجوێن و بەرپرسی لقی 12ی پارتیش دەڵێت "پێشمەرگەیەکیان کوشتووین".
بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی لە سنووری پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشمەرگەیەکمان بەناوی ئاوات تاڵب مەجید، لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە کوژرا".
هاوکات پەیامنێری رووداو رایگەیاند، بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە شارۆچکەی مەیدان لە سنووری خانەقین سووتێندراوە.
چەند رۆژێکە خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووە و بەهۆی کەوتنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەوە ژمارەیەک خۆپێشاندەر کوژراون و برینداربوون.
تەنیا ئەمڕۆ بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانەوە چوار خۆپێشاندەر لە سنووری تەکیە و سەیدسادق کوژراون. بە گوتەی دیاری رەفیق، قایمقامی سەیدسادق، 54 کەس لە هێزە ئەمنییەکانیش بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە برینداربوون.
هاوکات خۆپێشاندەران بارەگای حیزبەکانیان لە چەند ناوچەیەک سووتاندوون. بەشێک لە لایەنەکانیش لە پەیامەکانیاندا پاڵپشتی لە خۆپێشاندانی ئاشتییانە و دوور لە تووندوتیژی دەکەن و داوا لە خۆپێشاندەران دەکەن بەشێوەیەکی مەدەنی داوای مافەکانیان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ