گالەری

08-12-2017
15 Photos
بەهمەن شابازی

رووداو - کرماشان

گەورەترین ئەشکەوتی ئاوی کیشوەری ئاسیا لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە، ئەشکەوتی قۆری قەڵا ساڵانە هەزاران گەشتیاری نێوخۆیی و بیانی بۆ بینینی خۆی رادەکێشێت، بە تایبەت لە رۆژانی نەورۆزدا کە کەرتی گەشتیاری گیانی وەبەردێتەوە. 


قۆری قەڵا گەورەترین ئەشکەوتی ئاوی کیشوەری ئاسیایە، بە باوەڕی شارەزایانی مێژوو و ئاسەوارناسان مێژووی ئەو ئەشکەوتە بۆ 65 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لە 25 کیلۆمەتری شاری روانسەری و لە رێگای نێوان روانسەر بۆ پاوە، لە داوێنی کێوی شاهۆ هەڵکەوتووە.

درێژایی ئەو ئەشکەوتە 12 کیلۆمەتر و قوڵاییەکەی 3 هەزار و 140مەترە، بەڵام تەنیا 500 مەتری بۆ بینینی گەشتیاران ئامادەکراوە.

لە ساڵی 1977 گرووپێک لە کارناسانی بەریتانیایی و ساڵێک دواتریش گرووپێکی فەرەنسی بەشێک لەو ئەشکەوتەیان دۆزییەوە، بەڵام دواتر لە لایەن شارەزایانی کرماشانییەوە کاری دۆزینەوەی ئەشکەوتەکە تەواوکرا.

قوڵایی حەوزەکانی ئەشکەوتی قۆری قەڵا دەگاتە 14 مەتر و گەرمی و ساردی هەواش لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا لەنێوان 7 بۆ 11 پلەیە، ژووری ئەشکەوتەکەش وەک دەریاچەیەک دەچێت کە دەوراودەوری بە قەندیل رازاوەتەوە.

لە قوڵایی هەزار مەتری ئەشکەوتی قۆری قەڵادا حەوزێکی سرووشتی هەیە کە بە جوانترین حەوزی ئاوی جیهان دەناسرێت، هەروەها چوار تاڤگەی 10 تاوەکو 12 مەتری لەنێو ئەشکەوتەکەدان کە جوانییەکی بێ وێنەیان پێی بەخشیوە. 

لە بەشێکی ئەشکەوتی قۆری قەڵا، قەندیل بە شێوازی پەردە دەرهاتوون کە ئەگەر دەست لەهەر کامیان بدرێت، دەنگی یەکێک لە ئامێرەکانی مۆسیقای لێ دەردێت. بۆیەشە ئەو بەشەی بە تەلاری بیتهۆڤن ناسراوە کە ناوی موزیسیەنێکی بەناوبانگی جیهانە. 

ترسانکترین شوێنی ئەشکەوتەکە تونێلێکی 220 مەترییە کە بە قوڵایی سێ مەتر و نیو ئاوی پێدا تێدەپەڕێت، بەهۆی پێڕاگەیشتنی کەم تەنیا 500 مەتر لەو ئەشکەوتە 12 کیلۆمەترییە ئامادەکراوە و کەرەستەی رووناکی بۆ دابینکراوە. گەشتیارانیش تەنیا دەتوانن ئەو بەشە ببینن.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن