بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.5 پلەی رێختەر سنووری هەڵەبجەی هەژاند
رووداو - هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک لە سنووری هەڵەبجە و دەربەندیخان روویدا، کە گوڕەکەی 4.5 پلەی رێختەر بووە.
دارا حەسەن، بەڕێوەبەرى کەشناسى و بوومەلەرزەزانى سلێمانى بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بوومەلەرزەکە کاژێر 4:55 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 8-12-2017 بە دووری 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەڵەبجە روویداوە، قووڵییەکەی 10 کیلۆمەتر بووە.
بەڕێوەبەرى کەشناسى سلێمانى و بوومەلەرزەزانىدەڵێت، گوڕی بوومەلەرزەکە 4.5 پلەی رێختەر بووە و زیانی گیانی نەبووە.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی باری نائاسایی و کارەساتە سرووشتییەکانی تورکیا "ئافاد"، کاژێر 8:20 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.5 پلە بەپێوەری رێختەر دەریای ئیجە لە سنووری پارێزگای موغڵا هەژاندووە. تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانی و ماددی نەزاندراوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئافاد، چەقی بوومەلەرزەکە لە گوندی مەسوودییە سەر بەشارۆچکەی داتچا، کە 37 کیلۆمەتر لە پارێزگای موغڵا دوورە، بە قووڵایی 9.6 کیلۆمەتر سەریهەڵداوە.
رۆژی چوارشەممە 6-12-2017 بوومەلەرزەكە بەدووری 18 كیلۆمەتر لە هەڵەبجە روویدا، کە گوڕەكەی 4.9 پلەی رێختەر بوو.
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لەدوای بوومەلەرزە بەهێزەكەی شەوی 12-11-2017، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 600 بوومەلەرزەی دیكە لە هەرێمی كوردستاندا تۆماركراون.
شەوی 12-11-2017، بوومەلەرزەیەكی بەهێز باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكەی ناوچەکەی هەژاند. لە پارێزگای کرماشان زیاتر لە 500 کەس گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەش بریندار بوون.
لە هەرێمی كوردستان هەشت كەس گیانیان لەدەستدا و 321 كەسیش سەردانی نەخۆشخانەیان كردبوو. زۆرترین زیانیش لە قەزای دەربەندیخان بوو، كە جگە لە رووخانی پێنج خانوو بە تەواوی و زیانی بەنداوەکە، نزیكەی دوو هەزار خانوو زیانیان بەركەوتبوو، لەو ژمارەیەش 420 خانوویان تێكچوون و بە كەڵكی ژیان نەماون. هاوكات 230 دووكانیش زەرەرمەند بوون و چەندین دامودەزگای حكومیش زیانی گەورەیان پێگەیشتووە.
داڕشتنەوە: حەکیم داود