بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.5 پلەی رێختەر سنووری هەڵەبجەی هەژاند

08-12-2017
هێمن عەساف
نیشانەکردن بوومەلەرزە
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک لە سنووری هەڵەبجە و دەربەندیخان روویدا، کە گوڕەکەی 4.5 پلەی رێختەر بووە. 

دارا حەسەن، بەڕێوەبەرى کەشناسى و بوومەلەرزەزانى سلێمانى بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بوومەلەرزەکە کاژێر 4:55 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 8-12-2017 بە دووری 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەڵەبجە روویداوە، قووڵییەکەی 10 کیلۆمەتر بووە. 

بەڕێوەبەرى کەشناسى سلێمانى و بوومەلەرزەزانىدەڵێت، گوڕی بوومەلەرزەکە 4.5 پلەی رێختەر بووە و زیانی گیانی نەبووە.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی باری نائاسایی و کارەساتە سرووشتییەکانی تورکیا "ئافاد"، کاژێر 8:20 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.5 پلە بەپێوەری رێختەر دەریای ئیجە لە سنووری پارێزگای موغڵا هەژاندووە. تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانی و ماددی نەزاندراوە. 

بەپێی راگەیێندراوەکەی ئافاد، چەقی بوومەلەرزەکە لە گوندی مەسوودییە سەر بەشارۆچکەی داتچا، کە 37 کیلۆمەتر لە پارێزگای موغڵا دوورە، بە قووڵایی 9.6 کیلۆمەتر سەریهەڵداوە. 

رۆژی چوارشەممە 6-12-2017  بوومەلەرزەكە بەدووری 18 كیلۆمەتر لە هەڵەبجە روویدا‌، کە گوڕەكەی 4.9 پلەی رێختەر بوو.

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی ‌و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لەدوای بوومەلەرزە بەهێزەكەی شەوی 12-11-2017، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 600 بوومەلەرزەی دیكە لە هەرێمی كوردستاندا تۆماركراون.

شەوی 12-11-2017، بوومەلەرزەیەكی بەهێز باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكەی ناوچەکەی هەژاند. لە پارێزگای کرماشان زیاتر لە 500 کەس گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەش بریندار بوون. 

لە هەرێمی كوردستان هەشت كەس گیانیان لەدەستدا‌ و 321 كەسیش سەردانی نەخۆشخانەیان كردبوو. زۆرترین زیانیش لە قەزای دەربەندیخان بوو، كە جگە لە رووخانی پێنج خانوو بە تەواوی و زیانی بەنداوەکە، نزیكەی دوو هەزار خانوو زیانیان بەركەوتبوو، لەو ژمارەیەش 420 خانوویان تێكچوون و بە كەڵكی ژیان نەماون. هاوكات 230 دووكانیش زەرەرمەند بوون ‌و چەندین دامودەزگای حكومیش زیانی گەورەیان پێگەیشتووە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە