بارزانی پەیامێكی لەبارەی پشكی پێشمەرگە لە بودجەی عێراق بڵاوكردەوە

رووداو - هەولێر

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "ئەو بڕگەیەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ پێشمەرگە جێگیركراوە، بڕگە پەسەندكراوەكە روون نییە و لاستیكیە و خوێندنەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێ و بواری یاریپێكردنی تێدا هەیە".


مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی پێنجشەممە 8-12-2016 بڵاویکردەوە سەبارەت بە پرۆژە یاسای بودجەی 2017 -ی عێراق رایدەگەیێنێت: "بابەتی دروستكردنی گرفت بۆ بودجەی پێشمەرگە و هەرێم شتێكی تازە نییە، ئەوانەی راوێژی نانبڕینی گەلی كوردستانیان داوە هەرگیز ئامادەیش نابن كێشەكانی خەڵكی كوردستان چارەسەر بكەن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێویستی دەزانێت"پەرلەمانتارانی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ حكومەتی هەرێم كۆببنەوە و بەوردی دیراسەی ئەم بابەتە بكەن و ئەگەر یاسای بودجە و بڕگە پەسندكراوەكان لە خزمەتی هەرێمی كوردستاندا بێت و ببێتە هۆی داهاتی زیاتر ئەوە لەسەری رێكبكەون".

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێت: "ئەگەریش ببێتە هۆی زیان بۆ هەرێمی كوردستان با بۆ خەڵكی كوردستان هەموو راستییەكان و موزایەداتی سیاسی لەبارەی بودجە و داهات روون ببێتەوە".

دەقی پەیامەكە:

پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕای گشتی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لەبارەی ئەو بڕگەیەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ پێشمەرگە جێگیر كراوە بە خەڵكی كوردستان رادەگەیێنم كە بڕگە پەسەندكراوەكە ڕوون نییە و لاستیكیە و خوێندنەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێ و بواری یاریپێكردنی تێدا هەیە.

بابەتی دروستكردنی گرفت بۆ بودجەی پێشمەرگە و هەرێم شتێكی تازە نییە و هەر لە ساڵی 2005ـەوە بە شێوەی جۆراوجۆر حكومەتی عێراقی پابەندبوونە داراییەكانی لە بەرانبەر پێشمەرگە و هەرێم جێبەجێ نەكردووە و گرفتی بۆ ناوەتەوە. بەتایبەتی ئەو عەقڵییەتەی سیاسەتی بڕینی بودجەی هەرێم و برسیكردنی خەڵكی كوردستانی پەیڕەو كردووە و ئەوانەی ڕاوێژی نانبڕینی گەلی كوردستانیان داوە هەرگیز ئامادەیش نابن كێشەكانی خەڵكی كوردستان چارەسەر بكەن.

سەبارەت بە هەوڵ و بۆچوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكانی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی بابەتی بودجەی هەرێم و پێشمەرگە لە بودجەی گشتیی عێراق بە پێویستی دەزانم كە پەرلەمانتارانی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ حكومەتی هەرێم كۆببنەوە و بە وردی دیراسەی ئەم بابەتە بكەن و ئەگەر یاسای بودجە و بڕگە پەسەندكراوەكان لە خزمەتی هەرێمی كوردستاندا بێت و ببێتە هۆی داهاتی زیاتر ئەوە لەسەری ڕێك بكەون. 

ئەگەریش ببێتە هۆی زیان بۆ هەرێمی كوردستان با بۆ خەڵكی كوردستان هەموو ڕاستییەكان و موزایەداتی سیاسی لەبارەی بودجە و داهات ڕوون ببێتەوە.

مسعود بارزانی
8ـی 12ـی 2016