ئەو دایکەی لە کەرکووک کوڕەکەی لە ماڵەوە زیندانیی کردبوو: '9 رۆژ بەبێ نان بووم!'

 
رووداو - کەرکووک

ژنێکی 59 ساڵانی نابینا لە کەرکووک لەلایەن کوڕەکەیەوە بۆ ماوەی 9 رۆژ لە ماڵەکەیاندا زیندانی کرا، دوای ئەوەی دایکەکە سکاڵای لای پۆلیس کرد، کوڕەکەی دەستگیر کرا و بە دەستبەستراوی رووبەڕووی دایکی کرایەوە.
 
بەدریە سەعدوڵڵای 59 ساڵ دڵخۆشە لەوەی هەناسەی ئازادی هەڵدەمژێت، بەڵام دڵپڕە لەوەی کوڕە تاقانەکەی بەسەری هێناوە، ئەو دەڵێت، "کوڕەکەم 9 رۆژە دەرگای لەسەرم داخستووە و دەڵێت: تۆ نابینای و ناچیتە دەرەوە. ئێ خوات هەبێت با کوێر بم، دراوسێکانم فەرش و پێداویستیم بۆ دەهێنن، چونکە نابینام و کەسم نییە؛ بە خوا بمرم کەس نازانێت! مردم و بێزار بووم، 9 رۆژ بەبێ نان، کوڕەکەم ئەم کاتانە دێتەوە."
 
لەسەر داوای پۆلیس تیمی رووداو چوونە ئەو ماڵەی کوڕەکەی بەدریە لەگەڵ هاوڕێکانی لەوێیە، کوڕەکە بە دەست بەستراوی رووبەڕووی دایکی کرایەوە و دایکی پێی گوت، "بۆ دەرگام لەسەر دادەخەیت، ناڵێیت ئەم دایکە نابینایەم 20 کاژێر لەو ژوورە بێ نان چی بکات؟!"
 
کوڕەکەی لە وەڵامی دایکیدا تەنیا گوتی، "باشە بۆ سکاڵات لە من کرد؟!" دایکیشی گوتی، "چونکە دەرگات لە من نەکردەوە و 9 رۆژە بە برسێتی منت جێهێشتووە."
 
بەدریە جگە لەو کوڕە، دوو کچی هەیە کە شوویان کردووە و لە پارێزگاکانی کوت و سەلاحەددین دەژین. پۆلیسیش لەڕێگەی دراوسێکانیەوە بە رووداوەکەی زانیوە.
 
سامان مەجید، بەرپرسی نەهێشتنی تاوانەکانی بنکەی ئازادی دەڵێت، "فەرماندەی پۆلیس روونکردنەوە دەخاتەڕوو، ئێمە هێشتا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەداین."
 
هاوڕێیەکی کوڕەکەش بە تۆمەتی هاوکاریکردنی دەستگیر کرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە. بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەش بەدریە نێردرایە خانەی بەساڵاچووان.