هەزاران کەس لە شارەزوور تووشی سکچوون و رشانەوە بوون؛ 11 تیمی تایبەت بەدواداچوون دەکەن

08-11-2024
سازگار سەڵاح
منداڵێک تووشی سکچوون و رشانەوە بووە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت. وێنە: رووداو
منداڵێک تووشی سکچوون و رشانەوە بووە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - شارەزوور

هەزاران کەس لە سنووری شارەزوور تووشی سکچوون و رشانەوە بوون. ئەیمەنی تەمەن 8 ساڵان یەکێکە لەو تووشبووانە و بەهۆی قورسیی توشبوونەکەی، رەوانەی سلێمانی کرا و لەوێ شەو و رۆژێک خەوێندرا، بەڵام دواتر جارێکی دیکە دۆخی تێکچووەتەوە و براوەتەوە نەخۆشخانە.
 
محەممەد ئەکرەم، باوکی ئەیمەن دەڵێت، "دوو کوڕم هەیە، ئەمە گەورەکەیە، بچوکەکە لە ماڵەوەیە، سەرەتا بچوکەکە تووشبوو و هێنامە ئێرە چارەسەریان پێدا، بەڵام باش نەبوو؛ دواتر بردمە سلێمانی و شەو و رۆژێک خەواندیان ئینجا باش بوو. هاتینەوە ماڵەوە و بەیانییەکەی پێش چوون بۆ قوتابخانە نانی خوارد و رشایەوە، دووبارە هێنامەوە نەخۆشخانە و باش بوو، بردمەوە. دوو رۆژ بوو خواردنێکی ئەوتۆی نەخواردبوو، لەفەم بۆ کڕی، تۆزێکی خوارد و رشایەوە، دواتر هێنامەوە و گوتیان ریخۆڵەکانی تووشی ئیلتیهاب بوون. گوتم: ئەگەر باش نەبێت بمنێرن بۆ سلێمانی. لە ماوەی 24 کاژێردا سێ جار هێناومە بۆ ئێرە."
 
تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، نزیکەی 3000 کەس بەهۆی رشانەوە و سکچوونەوە لە سنووری شارەزوور سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.
 
لۆنا محەممەد، تووشبوو دەڵێت، "لە دوێنێوە کاکەم تووشبووە، دوو براکەم تووشبوون، باوکم ئەوانی بردەوە بۆ ماڵەوە، من سکم دەئیشێت و دەڕشێمەوە." هەنی دڵشادیش تووشبووە و ئاماژە بەوە دەکات، "نازانم لە شەوەوە ئازارم زۆر بوو، بەس لە بەیانییەوە زۆر ئازارم زۆرە، هاتم لە قوتابخانە گوتییان دەست بشۆن با تووش نەبن."
 
ئەحمەد حمە شوان دەڵێت، ئەوان لە راگەیاندنەکانەوە زانیویانە نەخۆشییەکە بڵاوبووەتەوە، "خێزانم گوتی ئاوی بەلوعەکەمان زەرد بووە، گوتم: ئاو مەگرە. من ئاوەکەشم بەکارنەهێنابوو بە خوا، ئاوی خۆمان بەکارهێناوە."
 
11 تیمی تایبەت سەردانی شارەزووریان کردووە و پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ئەو گەڕەکانەیان کردووە کە زۆرترین نەخۆشیی تێدا بڵاوبووەتەوە.
 
حوسێن فەتاح، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ دەڵێت، "هۆکارەکەی پیسبوونی ئاوە، تێکەڵبوونی ئاو و ئاوەڕۆیە لەگەڵ یەکدی، لە گەڕەکی شارستانی لە خوار هەڵەبجەییەکانەوە، زۆربەی منداڵن، منداڵی قوتابخانەکانن. نزیکبووەتەوە بە 2500 کەس، هەموو شتێکمان هەیە بۆ چارەسەرکردنیان و لە هیچمان کەم نییە."
 
تاوەکو چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوە، فەرمانگەی ئاوی شارەزوور بە تانکەر ئاو بەسەر دانیشتووانی شارەکە دابەش دەکات، بەتایبەت لەو گەڕەکانەی زۆرترین تووشبووی تێدا تۆمار کراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەشتیارێک لەبەردەم هۆڵی سەرەکیی فڕۆکەخانەی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

فڕۆکەخانەی هەولێر: هیچ گەشتێکمان دوانەخراوە

ئەمڕۆ هەینی دەنگۆی دواکەوتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هەبوو، بەڵام سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ گەشتێکمان دوانەخراوە و گەشتەکان بەگوێرەی خشتەکان بەڕێوەدەچن."