وەزارەتی شارەوانی: قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی فراوانتر و خێراتر دەستپێدەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر و خانەنشینان فراوانتر و خێراتر دەستپێدەکەن.
ئەمڕۆ هەینی 8ی تشرینی دووەمی 2024 سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "قۆناخی دووەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان لەم رۆژانەدا بە فراوانی دەستپێدەکات. ژمارەی ئەوانەش لە قۆناخی دووەمدا زەوییان پێدەدرێت لە ژمارەی سوودمەندبووانی قۆناخی یەکەم زیاتر دەبێت."
قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی لە 17ی مانگی رابردوو دەستیپێکرد و بەردەوامە؛ لە هەولێر 5000 هەزار پارچە زەوی، لە سلێمانی 6 هەزار 577 پارچەزەوی؛ لە گەرمیان 2 هەزار 474 پارچەزەوی؛ لە دهۆک 1000 پارچەزەوی؛ لە زاخۆ هەزار و 241 پارچەزەوی دابەش دەکرێن.
سەربەست مەولوود دەڵێت، "داوامان لە بەڕێوەبەرایەتییەکان کردووە پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی خێراتر بکەن. بۆ قۆناخی دووەمیش دەمانەوێت خێراتر و فراوانتر بێت، بەجۆرێک رۆژانە لە 08:30ی بەیانییەوە تاوەکو کاژێر 09:00ی شەو فایلەکان رێکدەخەین. لەم رۆژانەشدا وردبینی و پێداچوونەوە بە فۆرمی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی شارەوانی، دارایی، ناوخۆ، پەروەردە، خوێندنی باڵا و چەند وەزارەتێکی دیکە تەواو دەبێت."
بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوەی لەسەر ئێمەیە وردبینی، پێداچوونەوە و ناردنی لیستی ناوەکانە. تیروپشک و دابەشکردنی زەوییەکان لە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی پارێزگاکانە."
سەبارەت بە ژمارەی سوودمەندبووان لە قۆناخی دووەم ئەوەی خستەڕوو، "ژمارەکە زیاتر دەبێت لە قۆناخی یەکەم، بەشێوەیەک تەنیا وەزارەتی ناوخۆ نزیکەی 200 هەزار ناوی فەرمانبەر و خانەنشینی خۆی پێشکێش کردووە، هەرچەندە رەنگە هەندێکیان مەرجەکان نەیانگرێتەوە. ئێمە هیچ فەرمانبەرێکی شایستە بێبەش ناکەین."
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.