ئاگر لە چێشتخانەیەکی هەولێر کەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە گەڕەکی ئازادی هەولێر ئاگر لە نهۆمی دووەمی چێشتخانەیەک کەوتەوە و گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێریش دەڵێت، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەبا لە بۆیلەری چێشتخانەکە دروستبووە و زیانێکی زۆری مادی بە شوێنەکە گەیاندووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2023، کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دوای کەوتنەوەی ئاگر لە چێشتخانەیەک لە ناوەندی رزگاری هەولێر، شەش ناوەندی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی رووداوەکە ئامادەبوون. ئاگرەکە لە نهۆمی دووەمی چێشتخانەکە کەوتووەتەوە و زیانێکی زۆری مادی گەیاندووە".
 
کاروان میراودەلی دەڵێت، رووداوەکە زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە و لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش گوتی، "بۆیلەرێک لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکە بووەتە هۆی شۆرتی کارەبا و ئاگرەکەی دروستکردووە. هەڵبەت هێشتا ئەوە بە تەواوەتی پشتڕاستنەکراوەتەوە و تیمی تایبەتمەند سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە هۆکارەکە".

 

 

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەشڵێت، سیستمی چێشتخانەکە لە رووی سەلامەتی شارستانییەوە مۆدێرنە و ئێستا تیمەکانیان لە هەوڵی ئەوەدان ئاگرەکە بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکەن، بەجۆرێک زیان بەر بەش و نهۆمەکانی دیکەی چێشتخانەکە نەکەوێت.
 
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو لە سنووری هەولێر زیاتر لە هەزار و 720 ئاگر کەوتوونەتەوە، لە ئەنجامیاندا 15 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو حەوت هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان روویانداوە.