رووداو - کەرکووک
سوپای عێراق هەمەر و سەربازیان لەسەر زەوی و زاری جووتیارانی تۆپزاوا جێگیر کردووە؛ نە رێگەدەدەن دروێنەی بەری رەنجی ئەمساڵیان بکەن و نە رێگەیان دەدەن زەوییەکانیان بۆ وەرزی چاندنی داهاتوو بکێڵن.
سوپا هەر بە رێگرییەکانەوە نەوەستاوە، هێزەکانی فیرقەی 11 سکاڵایان لەسەر حاجی نازمی تەمەن 72 ساڵ تۆمار کرد و دوای شەوێک مانەوە لە زیندان، بە کەفالەتی ملیۆنێک دینار ئازاد کرا.
نازم مەحموود، جووتیاری تۆپزاوا دەڵێت، "دوێنێ منیان دەستگیر کرد و بردمیان بۆ دادگە، بە کەفالەتی یەک ملیۆن دینار ئازاد کرام، دوای ئەوە ئەمڕۆ هاتوون دەستیان کردووە بە دەستگیرکردنی جووتیار و ناهێڵن دروێنەی گەنمەشامی بکەین، ئامانجیان ئەوەیە هێواش هێواش زەوییەکانمان لێ بستێننەوە."
جووتیارانی کورد لە تۆپزاوا سەرەڕای گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی، بەبێ گوێدانە رێگرییەکانی سوپا، دەستیان بە کار لە زەوی و زارەکانیان کردەوە.
ساتیح ناسیح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا دەڵێت، "گردبوونەوەیەکمان ئەنجامدا، چونکە ئەوەی سوپای عێراق دەیکات پێچەوانەی یاسای 29ی ئەنجوومەنی وەزیرانە، هەروەها پێچەوانەی ئەو پڕۆژە یاسایەیە کە لە پەرلەمانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی بەعس."
فەرەیدوون ناسیح، جووتیاری تۆپزاوا باس لەوە دەکات، "دەڕاسەیان راگرتووە لەناو گەنمەشامی لەکاتی دروێنە، هەروەها تراکتۆریشیان راگرتووە."
دوو پەرلەمانتاری کورد بە پشتبەستن بە بڕیاری قەدەخەی دەستێوەردانی سوپا لە کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان، پێیان گوتن، ئێوە کاری خۆتان بکەن.
گەیلان قادر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، "ئەو شوێنانەی دەزانن خاڵی لاوازی هەیە یان کەلێنێک هەیە، دەیانەوێت بیانوەستێنن لە کار، بە پێچەوانەوە، ئەمانەش ناوچەی خۆمانە و خەڵکی خۆمانن، چارەسەری بنەڕەتی ئەوەیە بە یاسا هەوڵبدەین بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش و ناوچەی باکووری رژێمی پێشووی بەعس هەڵبوەشێتەوە."
تۆپزاوا لە 20 کیلۆمەتری باشووری کەرکووک هەڵکەوتووە و بەهۆی بوونی بارەگاکانی سوپا، ساڵانێکە کێشەی هەڵکوتانە سەر زەوییەکانی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ