رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی هەولێر دەڵێت، کەسێکیان بە تۆمەتی دزیکردن لە حەوت ماڵ دەستگیر کردووە کە کاری گەیاندن(دیلیڤەری)ـی کردووە و "بڕێکی زۆر پارەی دزیوە."
رۆژی چوارشەممە، 08-11-2023 بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، توانیمان تۆمەتبار (م، ن، ر) بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دزیکردن دەستگیربکەین."
بەگوێرەی ئاسایشی هەولێر، "تۆمەتبارەکە بڕێکی زۆر پارە و کەلوپەلی گرانبەهای دزیوە، پێشووتر چاودێری چەند ماڵێکی کردووە و لە کاتی گونجاودا دزییەکەی لەو حەوت ماڵە کردووە."
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە تۆمەتبارەکە کاری گەیاندن(دیلیڤەری)ـی کردووە و لەو رێگەیەوە چاودێری ئەو ماڵانەی کردووە.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی 1ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ ئاسایشی هەولێر، کەسێکیان بە تۆمەتی دزینی (قاسەیەکی پارە) لە گەڕەکی منارەی هەولێر دەستگیرکرد.
ئاسایشی هەولێر رایگەیاندبوو، " دوو کەسی دیکە لە تاوانەکەدا بەشداربوون بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراون و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە و ئاشکراکردنی شوێنی تۆمەتبارەکانی دیکە بەردەوامە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ