بێکاری بەرۆکی گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووە؛ ناچاری کردوون کۆچ بۆ وڵاتانی رۆژئاوا بکەن

09-11-2023
فواد حەقیقی
دۆخی هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بێکارییەوە
دۆخی هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بێکارییەوە
نیشانەکردن رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی بێکاری و بێهیواییان، گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچ بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا دەکەن، چەند پەرلەمانتارێکی سەردەشت و پیرانشار لە نامەیەکدا بۆ سەرۆککۆماری ئێران دەڵێن، کێشەی کۆچکردن رۆژ دوای رۆژ گەورەتر دەبێت و ئێستا نەک هەر گەنجان، بەڵکو خێزانەکان کۆچ دەکەن بەرەو وڵاتانی دەرەوە
 
کۆچبەرێک کە خەڵکی گوندێکی سەر سنووری سەردەشتە دەڵێت، پێشتر تەنیا بازاڕچەیەک هەبوو خەڵکی ئەو ناوچەیە کاری لێ بکەن، چەند ساڵە ئەویشیان داخستووە.
 
گەنجانی سەردەشت رۆژانە بیر لە یەک شت دەکەنەوە، لەگەڵ یەکتر راوێژی لەسەر دەکەن و تاوتوێی رێگاکەی دەکەن، ئەویش کۆچکردن بۆ وڵاتانی رۆژئاوایە کە ئێستا بۆ ئەوان بەهەشتێکی دوورەدەستە، بەس لەگەڵ ئەوەشدا بەوجۆرە نییە کەس دەستی پێڕانەگات.
 
گەنجێکی خەڵکی سەردەشت دەڵێت، "گوندەکەمان نزیکەی 200 ماڵە، هیچ کار و کاسبییەکی لێنەماوە، لە قاسمەڕەش بازاڕچەیەکی لێبوو ئەویشیان داخستووە،."
 
گەنجێکی دیکە باس لەوە دەکات، کە بیری لە کۆچکردن کردووەتەوە و تەنانەت چەند جارێکیش رۆیشتووە، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک نەیتوانیوە بڕوات و گەڕاوەتەوە، لە سنووری سەردەشت چەند ساڵێکە رێژەی کۆچکردن روو لە زیادبوونە، دەتوانم بڵێم، هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی رێژەی کۆچکردن کێشەی ئابوورییە لە سەرانسەری وڵاتدا، بە تایبەت ئێمە کە لەسەر سنوور دەژین." 
 
ئەم دۆخە نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە پەرلەمانی ئێرانی هان دا نامەیەک بۆ سەرۆککۆماری ئێران بنێرن.
 
کەمال حوسێن پوور هۆشداری داوە کە کێشەی کۆچی گەنجان رۆژ دوای رۆژ گەورەتر دەبێت و دەڵێت، چیرۆکی کۆچ لە شاری سەردەشت بووەتە بابەتێکی خێزانی و باوکی خێزان دەستی گەورە و بچووک دەگرێت و بە رێگایەکدا دەچێت کە کۆتاییەکەی روون نییە. 
 
کەمال حوسێن پوور هۆکاری زۆربوونی کۆچ لە سەردەشت بۆ داخرانی دەروازە سنوورییە کۆڵبەرییەکان دەگەڕێنێتەوە کە بێکارییان پەرەپێداوە و داوای لە سەرۆککۆماری ئێران کردووە، دەروازەکانی تەمەرچیان، کێلێ و قاسمەڕەش بکرێنەوە. لە کاتێکدا پێشووتریش پەرلەمانتارانی سەردەشت و پیرانشار ناڕەزاییان گەیاندووەتە بەرپرسانی باڵا. 
 
کەمال حوسێن پوور، نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار رایگەیاند، "گلەیی و ناڕەزایەتی خەڵکی شاری پشتگوێخراوی سەردەشت، بێکاری و نەبوونی هەلی کارە. ئەم پرسە گەنجانی سەردەشتی هانداوە کۆچ بکەن، چارەسەرکردنی پرسی کۆچ کە کەڵکەڵەی خەڵکی سەردەشتە، رێوشوێنی گونجاوی پێویستە." 
 
لە رێگەی کۆچ بۆ رۆژئاوا چەندین کەسی خەڵکی سەردەشت گیانیان لەدەستداوە، نوێترینیان هێمن شەمامی زادە بوو کە لە سنوورەکانی بیلاڕووسدا بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەستدا و چەند رۆژ لەمەوبەر تەرمەکەی گەڕێنرایەوە سەردەشت. بەڵام هێشتا زۆر کەسی دیکەی خەڵکی سەردەشت هەن کە لەو سنوورانەدا گیریان کردووە.
 
یەکێک لەو کۆچبەرانەی خەڵکی سەردەشت کە لە بێلاڕووسە دەڵێت، داواتان لێدەکەم کەس نەیەت بۆ ئێرە، چەندین کەسمان لێ مردووە، سەرما و بێ نانی. ئەوانەی ماڵ و منداڵیان پێیە لەم رێگەیەوە مەیەن."
 
شاری سەردەشت لە بنبەستی سنووردا گیری کردووە؛ نە پیشەسازییەکی هەیە و نە کشتوکاڵێکی ئەوتۆ، بێکاریی زۆرە و هەلی کار زۆر کەمە. لاوان پێیان وایە تەنیا رێگا بۆ رزگاربوون لە دۆخی خراپی ئابووری، کۆچکردنە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 گردبوونەوەی ناڕەزایی راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک.

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد، دەڵێن شەش مانگ مەشق و راهێنانیان پێکردوون و بەڵێنی دامەزراندنیان پێدراوە، بەڵام چوار ساڵە کەسیان دانەمەزراون.