لە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێک کوژرا و 7 ـی دیکەش بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ

کۆڵبەرێکی دانیشتووی شاری سەقز لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران کوژرا، هەروەها 7 کۆڵبەری دیکەش لە سنوورەکانی نەوسود و بانە بریندار کران.
 
بەپێی زانیارییە خۆجێییەکان، شەوی سێشەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2023، هێزەکانی پاسەوانیی سنووریی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و بە هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی ئازاد ستارپەناه، تەمەن 43 ساڵ و خەڵکی گوندی "دەرەزیارتی سەرووی" سەر بە شاری سەقز کوژراوە و کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی سراجەدین و خەڵکی گوندی "دەرەپەنبەدان"ـی سەقز بە سەختی بریندار بووە.
 
هاوکات، لە سنووری شاری نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشانیش بە هۆی تەقەی هێزەکانی پاسەوانیی سنووریی ئێران، شەش کۆڵبەر بریندار بوون.
 
هەر شەش کۆڵبەرەکە خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی ـی سەر بە پارێزگای کرماشانن. کۆڵبەرە بریندارەکان بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی، رەوانەی نەخۆشخانەی قودس لە شاری پاوە کراون. بە پێی زانیارییەکان برینی هەندێکیان سەختە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە، 24-10-2023، کۆڵبەرێک بە ناوی موحسین عەبدوڵڵاهی، تەمەن 35 ساڵ و خەڵکی گوندی کانی بەرد، لە سنووری شاری بانە بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا.
 
هەروەها بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 18-10-2023، لە ناوچەی دەوەران لە سنووری شاری مەریوان لە پارێزگای سنە، هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی تەمەن 34 ساڵ بە ناوی فەرید وەتەنی رەسووڵ خەڵکی گوندی نەشکاش سەر بە شاری مەریوان کوژرا.
 
بەپێی راپۆرتی کۆڵبەر نیوز، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 13 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە هۆکاری جیاواز گیانیان لەدەستداوە 72 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون. 
 
قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران، رۆژی 22-10-2023  لە سەردانێکدا بۆ شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان رایگەیاند، "کۆڵبەری کارێکی نایاساییە و لە ئەگەری هەر هاتووچۆیەکی نایاسایی لە سنوورەکان، هێزەکانی پاسەوانیی سنووری ئێران رووبەرووی دەبنەوە."