چیرۆکی ئەو پیاوەی لە دادگەیەکی هەولێر بە دز خۆی ناساند و دز نەبوو

رادیۆی رووداو
داڕشتنەوە: ژیار حەکیم


کەسێکی بەتەمەنی رەقەڵەیان هێنایە ژوورەوە، گوتیان، "جەنابی دادوەر ئەمە دزی کردووە"، سەیری رووخساریم کرد، لە کەسێک نەدەچوو لەسەر دزیکردن دەستگیرکرابێت، پرسیم، "بۆچی دزیت کردووە؟" گوتی، "بێکارم، لە برسان دزیم کردووە... تکایە بمنێرە زیندان."
 
شەوێکی ساردی سەرەتای زستان بوو، نمەنمە باران دەباری، پۆلیسی ئێشکگری نەهێشتنی تاوان لە کۆڵانەکاندا دەگەڕان، لە نزیک مەزارگەی پێغەمبەر عوزێر لە شاری هەولێر، تارمایی کەسێکیان بینیبوو کە رایەخێکی خستووەتە ژێر باڵی، پۆلیسەکان لێی نزیکببوونەوە و میلی تفەنگیان لێی راکێشا و پرسیان، "تۆ کێی؟ کوا ناسنامەت؟ لە کوێوە هاتووی؟ تۆ دزی؟"
 
کاتێک لێیان پرسی، "دزی؟" خێرا وەڵامی دایەوە، "بەڵێ، بەڵێ، من دزم." سەیرە! دزێک هێندە خێرا دان بە تاوانەکەیدا بنێت. پۆلیسەکان هەڵیانکوتایە سەری، قۆڵبەستیان و بەپاڵ خستیانە پشتی پیکابەکە و راپێچی بنکەی پۆلیسیان کرد.
 
لەوێ، لێکۆڵەری پۆلیس پرسیاری لێکرد، "ناوت؟ پیشەت؟" ئەویش بە دەنگێکی نزمەوە لەژێر لێوەوە ناوی خۆی گوت و باسی ئەوەی کرد بێکار و برسییە. لێکۆڵەرەکە پرسیارێکی دیکەی لێکرد، "ئەی ئەو رایەخە چییە لەژێر باڵت داتناوە؟"، بێ دوودڵی وەڵامی دایەوە، "دزیومە، لە مەزارگەی پێغەمبەر عوزێر دزیم، یەکەمجاریشم نییە، پێشتریش مافوورێکی دیکەم هەر لەوێ دزیبوو."
 
لێکۆڵەرەکە ویستی زیاتر بچێتە بنج و بناوانی ئەو دزییە، "ئەی کوا مافوورەکە؟ کوا پارەکەی؟"، وەڵامی دایەوە، "لە بازاڕ فرۆشتم و پارەکەشم خوارد، بۆی مەگەڕێن." کەمێک وەستا و بە ئاهێکەوە گوتی، "هەتا ئەو کاتەی دەمتوانی، کارم دەکرد، ئێستا بێكارم و چارم نییە."
 
دۆسیەکەیان ناردە لای دادوەری ئێشکگر، ئەوکات لە ماڵەوە بوو و هەر لە بەردەرگا بڕیاری دا، "دەستگیری بکەن"، چونکە لە شوێنە ئایینییەکان دزی کردووە.
 
دوای هەفتەیەک، لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانپێدانانیان لێوەرگرت، دواتر هێنایانە لای من کە لە دادگەی لێکۆڵینەوە بووم. 
 
لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، گرانی و برسێتی تەنگی بە بەشێکی زۆری خەڵک هەڵچنی بوو. منیش وەکو دادوەر رۆژانە دەیان دۆسیە و چیرۆکی جیاواز دەهاتنە بەردەستم، یەکێک لەوانەی لە یادەوەریمدا ماوەتەوە، ئەم چیرۆکە بوو؛ ئەو دزەی، دز نەبوو.
 
لێم پرسی، "تۆ دزیت کردووە؟" گوتی، "بەڵێ"، دووبارە پرسیارم کرد، "دانت بەوە ناوە دزیت کردووە؟" گوتی، "بەڵێ، تۆ بنووسە دزی کردووە"، لە قسەکەی کەوتمە گومان، "مانای چییە 'بنووسە دزی کردووە'؟"، گوتی، "جەنابی دادوەر، تکات لێدەکەم بمنێرەوە زیندان."
 
بڕیارم دا بۆ ئەوەی دڵنیابم لە دانپێدانانەکەی، لێکۆڵینەوەی زیاتر بکەین و پشکنین بۆ تاوانەکە بکەین، رۆژێک دواتر دووبارە خستیانەوە ناو پیکابەکە و بردیانەوە شوێنی رووداوەکە و گوتیان، "فەرموو، بۆمان باس بکە، بزانین چۆن دزیت کردووە؟"
 
تۆمەتبارەکە دەستی بە گێڕانەوە کرد؛ "ئەم دەرگەیە داخرابوو، لەسەر دیوارەکە چوومە ژوورەوە، جارێکیان مافوورێکی سێ بە چوارم دزی و جارێکی دیکەش رایەخێکم دزی."
 
لێکۆڵەری دادی پێی گوت، "دە فەرموو، بەسەر دیوارەکە بکەوە، بزانم چۆن دەچی؟"، چەند جار هەوڵی دا، نەیتوانی بچێتە سەر دیوارەکە. لێکۆڵەرەکە پرسی، "ئەی پێشتر چۆن دەچوویتە سەرەوە؟" تۆمەتبارەکە بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی، "ئەو کات دەمتوانی" ئەوەش ئەوەندەی دیکە گومانی لەسەر دزییەکە دروستکرد.
 
چوونە ژوورەوە، لێکۆڵەرەکە پرسی، "مافوورەکە لە کوێ راخرابوو؟ رایەخەکە لەکوێ بوو؟" تۆمەتبارەکە گوتی، "لە یەکێک لە گۆشانە داخرابوو"، لێکۆڵەرەکە دووبارە گومانی بۆ دروست بوو و گوتی، مافوورێکی سێ بە چوار لێرە جێی نابێتەوە، پرسیاری لە ژنێکی بەتەمەن کرد کە لە مەزارگەکە کاری دەکرد، "ئەرێ خاتوون، ئێرە مافووری لێبووە؟" ئەویش وەڵامی دایەوە، "نەوەڵڵا، ئەوەندەی بەبیرم بێت، هەر ئەو حەسیرە کۆنانەی لێبووە، قەت مافوورم لێرە نەبینیوە".
 
نزیکەی مانگێك لێکۆڵینەوە و دادگایی بەردەوام بوو، ئیدی بەتەواوی بۆمان دەرکەوتبوو؛ ئەم پیاوە مافوور و رایەخی لەو مەزارگەیە نەدزیوە. 
 
بڕیارماندا دووبارە گوتە لە تۆمەتبارەکە وەربگرین، کە هاتە ژوورەوە، سەیرم کرد رەنگ و رووی کرابووەوە، بەپێچەوانەی تۆمەتبارەکانی دیکە، ئەو گەشابووەوە و دڵی خۆش بوو.
 
جارێکی دیکە لێپرسینەوە دەستی پێکرد، "ئەرێ هەر بەراست، تۆ دزیت کردووە؟ چونکە هەموو بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن وانییە". سەری بەرز کردەوە و سەیرێکی هەموومانی کرد، بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی، "هەموو بەڵگەکانتان راستن، من دزیم نەکردووە، ئەو رایەخە خێرخوازێک پێی بەخشیبووم، بۆ ئەوەی شەوان بەخۆمی دابدەم."
 
تۆمەتبارەکە لەسەر قسەکەی بەردەوام بوو و گوتی، "من بێکەس و بێکارم، لە خانەی بەساڵاچووانیش وەرناگیرێم، چونکە تەمەنەکەم هێشتا ماویەتی. ئەو شەوە پێش ئەوەی پۆلیسەکان بێن، ترسم هەبوو باران ببارێت، بۆیە رایەخەکەم لوول کرد و بەرەو قەیسەری بەڕێکەوتم، کە پۆلیسەکان گرتمیان، بیرم لەوە کردەوە باشترین شوێن کە لەم سەرمایە بمپارێزێت و خۆراکێکی باشیشم بدەنێ، زیندانە، بۆیە گوتم دزیم کردووە و دەستگیرکرام."
 
سەرم سووڕ مابوو، نەمدەزانی چ بڕیارێک بدەم، ئەگەر ئازادی بکەم رەنگە ئەمجارە بەڕاستی تاوانێک بکات، ناشکرێ کەسێکی بێتاوان بخەمە زیندان. خۆم دوودڵ بووم و ئەویش زیاتر بڕیارەکەی لەسەر قورس کردم، گوتی، "سەرما ماوە و هێشتا زستان زۆری بە بەرەوە ماوە، تکایە دووبارە بمخەنە زیندان، بەخوا ئەوێ بۆ من زۆر خۆشترە لە دەرەوە."
 
بیرم لەوە دەکردەوە؛ ژیان هێندە قورس بووە کە کەسێک بۆ خۆدزینەوە لە ژیان، دان بە تاوانێکدا بنێت کە نەیکردووە، دەبێت ژیان چەند زەحمەت بووبێت؟ گوتم، "جارێ چاوەڕی بکە، هەتا بڕیار دەدەین."
 
دۆسیەیەکی دیکە هاتە بەردەمم، کەسێکی خواپێداو بوو، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە دەستگیرکرابوو، سکاڵاکاریش دەیویست پیاوە خواپێداوەکە ئازاد بکرێت، چونکە لەو ماوەدا زۆر هاوکاری کردبوو.
 
پیاوە خواپێداوەکە گوتی، "جەنابی دادوەر دەتوانم پرسیارێك بکەم؟" لە مێشكی خۆم گوتم، "رەنگە لەبارەی دۆسیەکەی خۆی بێت"، بەڵام گوتی، "هەرچەندە ئیشی منیش نییە، بەس بێزەحمەت، ئەو تۆمەتبارەی پێش من بۆ دەستگیرکرابوو؟ لە زیندانیش دەمبینی، هەمیشە بێدەنگ لە سووچێک دادەنیشت و تێکەڵایەتی کەسی نەدەکرد، بۆیە پرسیارە لام."
 
منیش بۆم باسکرد کە لە برسان و لەبەر سەرما دانی بە تاوانێک ناوە، کە نەیکردووە. کەسە خواپێداوەکە گوتی، "ئەگەر دادگە ئازادی بکات، من دەیگرمە خۆم، لە یەکێک لە پەلەوەرخانەکانم شوێنی بۆ دابین دەکەم و ئەگەر نەیتوانی کاریش بکات، دەیکەمە پاسەوان، با هیچ نەکات تەنیا لەوێ بمێنێتەوە کێشە نییە."
 
رەنگە ئەگەر لە فیلمێک ئەوەم دیتبا، بمگوتایە، "ئەم نووسەر و دەرهێنەرانە چیرۆکی خەیاڵی و ناواقعی زۆر دروست دەکەن"، بەڵام ئەمە یەکێك بوو لەو چیرۆکانەی خۆم بینیم و لە نزیکەوە لێکۆڵێنەوەم لەسەر کرد.
 
* عەبدولباست فەرهادی، دادوەری خانەنشین، کە ماوەی 40 ساڵ لە هەرێمی کوردستان دادوەر بووە، لە پۆدکاستی "چیرۆکەکانی دادگە" ئەو رووداوەی گێڕایەوە کە لە ساڵی 1992 لە هەولێر روویداوە .