محەممەد شیاع سوودانی بۆ رووداو: خواستێکی جیدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەولێر هەیە


رووداو - بەغدا

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، خواستێکی جیدییان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەدیکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەمان ویست لەلایەن حکومەتی فیدراڵییشەوە هەیە بۆئەوەی "بەشێوەیەکی پیشەییانە" ئەو کێشانە نەهێڵدرێن و پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی دەستووردا رێکبخرێنەوە. 
 
رۆژی سێشەممە 8-11-2022، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵات کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی رێکخست و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە. 
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی بەشێک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پرسیاری لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، وەک کێشەی نەبوونی یاسای نەوت و گاز و کێشەی بودجە و مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق. 
 
لە وەڵامی پەیامنێری رووداودا محەممەد شیاع سوودانی گوتی، پێویستە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن و ئاماژەی بەوەش کرد، خواستێکی جیدی لەلایەن هەردوولا و هێزە سیاسییەکانی وڵاتەوە هەیە بۆ نەهێشتنی ئەو کێشانە و رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا لەسەر بنچینەی دەستوور. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی کە کێشەی نەوت و غازەوە هەیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، ئەو کێشەیە دەکرێت لە رێگەی دەرکردنی یاسای نەوت و گازەوە لە پەرلەمانی عێراق چارەسەر بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ دەستیپێکردووە تاوەکو پڕۆژەیاساکە ئامادە بکرێت. 
 
پەیوەندیدار بە بابەتی بودجە، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی لەسەرە و مافیشی هەیە و رایگەیاند: "پێویستە بەپێی یاسا و دەستوور ئەم بابەتە جێبەجێ بکرێت تاوەکو بەغدا بتوانێت پابەندی بەڵێنە داراییەکانی بێت، ئینجا لە یاسای بودجە یان لە شایستەکانی دیکەدا." 

 

 
دەقی پرسیار و وەڵامی هەڵکەوت عەزیز لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی
 
رووداو: بەڕێز سەرۆکوەزیران؛ من هەڵکەوت عەزیزم لە تۆڕی میدیایی رووداو؛ بابەتی لیوای 20ی هاوبەش بە کوێ گەیشتووە؟ کەی دەستبەکاردەبن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی هەیە؟ کەی ئامادەن لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان دابنیشن بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی بودجە و یاسای نەوت و گاز و ئەو خاڵانەی دیکە کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان و لە بەرنامەی حکومەتدان؟  
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق: لەکاتی دیدارم لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، لە پەرلەمانتارێکی کوردستان گوێم لەمەبوو. داوای دۆکیومێنتە بەراییەکانم کرد و بەدواداچوون بەردەوامە. ئێمە لەسەرووبەندی جێبەجێکردنی پابەندبوونەکان و رێککەوتنەکانین. سەرەڕای لەبەرچاوگرتنی ئەو رێککەوتنانە، کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر پێویستە چارەسەر بکرێن و  ناکرێت بەردەوام بن، چ ئەوەی پەیوەستە بە نەوتەوە چ ئەوەی پەیوەستە بە بودجە و دەروازە سنوورییەکان و دۆسییەکانی دیکەوە. 
 
خواستێکی جیدیمان بەدیکردووە لەلایەن هەرێمەوە؛ هەروەها ئەو کارەش لای حکومەت و لایەنە سیاسییەکان هەیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی پیشەییانە ئەو دۆسیانە چارەسەربکرێن بەشێوەیەک گەرەنتی دادپەروەری بۆ هەموو لایەنەکان بکات. بەغدا و هەولێر رێککەوتوون لەسەری ئەوەی ئەو پەیوەندییە لە چوارچێوەی دەستووردا رێکبخرێت. 
 
پرۆژەیاسای نەوت و گاز، یەکێکە لە گرنگترین چارەسەرەکانی ئەو دۆسیەیە؛ گفتوگۆکانمان لەگەڵ وەزارەتی نەوت بەردەوامن بەمەبەستی ئامادەکردنی پرۆژەیاسای نەوت و گاز و لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش گفتوگۆی بەرایی لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەکرێت پێش ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیران بخرێتەڕوو و دواتر رەوانەی پەرلەمان بکرێت.
 
گرنگترین دۆسیەی دیکە بودجە، واتە پرۆژەیاسای بودجەی 2023، کە پابەندبوونی لێدەکەوێتەوە. وەک ئەوەی هەرێم داوای مافەکانی دەکات، بەهەمان شێوەی پابەندبوونیشی لەسەرە، پێویستە بەپێی یاسا و دەستوور ئەم بابەتە جێبەجێ بکرێت تاوەکو بەغدا بتوانێت پابەندی بەڵێنە داراییەکانی بێت، ئینجا لە یاسای بودجە یان لە شایستەکانی دیکەدا.