خوێندکارانی زانکۆکانی گەرمیان، هەڵەبجە و چەرمۆ خۆپێشاندانیان کرد و داوای دەرماڵە دەکەن

 
رووداو - گەرمیان

خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان بۆ داواکردنی دەرماڵە گردبوونەوە، دەرگای زانکۆیان داخست و رێگەیان نەدا مامۆستا و خوێندکاران بچنە هۆڵەکانی خوێندن.
 
خوێندکاران دەرماڵەی مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، کە بۆ خوێندکارانی ناو شار 40 هەزار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار 60 هەزار دینارە.
 
هەرێم نەسرەدین، خوێندکاری زانکۆی گەرمیان دەڵێت، "وانەکانی خوێندنی زانکۆ هیچ شەرعیەتێکی نەماوە ئەگەر خوێندکار برسیی بێت، پارەی پێنەبێت و هەژار بێت. تەنانەت خوێندکار هەیە پارەی لەفەیەکی پێ نییە بێتە کافتریا، یان کرێی پاسەکەی پێ نییە. نازانین بە چی هۆکارێک دەست بۆ قوتی خوێندکار براوە؟ برسی بێت ناتوانێت دەوام بکات."
 
هەر لەسەر پرسی دەرماڵە، شانیا تەیب، خوێندکاری زانکۆی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، "بێگومان کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر خوێندکار. خوێندکار دەناسم پارەی پاسی پێ نەبوو، دایکی قەرزی بۆ کردووە بۆئەوەی کچەکەی بنێرێتەوە بۆ داخلی، ئەگەر ئەم دەرماڵەیە بدرێت، بە دڵنیاییەوە کاریگەریی زۆری هەیە."
 
جگە لە زانکۆی گەرمیان، لە زانکۆکانی هەڵەبجە و زانکۆی چەرمۆ لە چەمچەماڵ بۆ هەمان داواکاری خوێندکاران گردبوونەوە.
 
زانیار فەرەیدوون، خوێندکاری زانکۆ هەڵەبجە دەڵێت، "تەنها بە پێدانی دەرماڵە داواکارییەکانمان کۆتایی نایەت، داواکاریی ئێمە چەسپاندنی پرۆژەیاسای دەرماڵەیە، بۆئەوەی ساڵانە خوێندکاران بۆ ئەم مەبەستە نەڕژێنە سەر شەقامەکان."
 
لەدوای ساڵی 2015وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە دەرماڵەی خوێندکاران راگیرا و ساڵی رابردوو دوای گردبوونەوە و ناڕەزایی خوێندکاران بڕیاردرا دەرماڵە، کە بەناوی پاڵپشتیی خوێندکاران بوو، بۆ یەک ساڵ دابەش بکرێت.