لە بنەسڵاوە کەسێک بە بەڵێنی پێدانی قازانج پارە لە هاونیشتمانییان وەردەگرێت و رادەکات


رووداو دیجیتاڵ 

لە بنەسڵاوەی هەولێر چەند کەسێک چوونەسەر کۆمەڵگەیەکی پزیشکی و ئامێرەکانیان برد؛ ئەو کەسانەی کە ئامێرەکانیان بردووە، دەڵێن، خاوەنی کۆمەڵگەکە قەرزداریانە و "بڕی ملیۆنێک دۆلاری بردوون و رایکردووە." 
 
هـ. م کە نەیویست لەبەردەمی کامێرا قسە بۆ رووداو بکات نزیکەی 10 هەزار دۆلاری بردراوە و دەڵێت: "چوومە نۆڕینگەکەی دەرزیەکم لەخۆمدا، گوتی، چ کارێک دەکەی، گوتم لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل کاردەکەم، گوتی بۆ ئۆتۆمبێلم بە قەرز نادەیتێ پێویستیم بە ئامێرە کە نرخیان زۆرە گوتم نرخیان چەندە، گوتی نزیکەی دەفتەرێک دۆلارە، منیش سێ ئۆتۆمبێلی ئۆپڵم بە 99 وەرەقە و بە قیستی مانگانە پێدا کە 18 وەرەقە زیادەم بداتێ، پەیوەندیشی پێوەدەکەم مۆبایلەکەی داخراوە؛ تاوەکو ژمارەکەشم بە دکتۆر قەرز تۆمارکردووە."
 
قەرزدارەکان دەڵێن، بۆ کڕینی ئامێری پزیشکی یان ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی جۆراوجۆر پارەیان بە قەرزداوەتە ئـ. ج، بەڵام ئەو تەنیا نیوە یان کەمتر لە نیوەی قەرزەکەی پێداونەتەوە و رایکردووە. 
 
یاریدەدەرە پزیشکییەکە بە بەشێک لە خاوەن قەرزەکانی گوتووە، خانووەکانی بەرامبەر کۆمەڵگە پزیشکییەکەی موڵکی ئەوە، بەڵام خاوەن خانووەکان بە رووداویان گوت، "ئەوە دوورە لە راستییەوە و خانووەکان موڵکی خۆیانە و ئـ. ج بە فێڵ و بۆ راکێشانی سەرنجی خاوەن قەرزەکان وایگوتووە." 
 
یاریدەدەرە پزیشکییەکە شوێنی نادیارە، پەیامنێری رووداو لەگەڵ برایەکی قسەی کرد، بەڵام مەرجی قسەکردنی ئەوەبوو کە رووخساری دەرنەکەوێت. ئەو دەڵێت، "هەموو خاوەن قەرزەکان وەک سوو لە بەرامبەر قازانجی مانگانە پارەیان داوەتە براکەم"، هەروەها رەتیشیکردەوە، براکەی یەک ملیۆن دۆلار قەرزداربێت. 
 
برای ئەو یاریدەدەرە پزیشکە دەڵێت: 16 بۆ 17 دەفتەر دۆلار قەرزدارە، ئەوەی دەگوترێت ملیۆنێک دۆلاری بردبێت دوورە لە راستییەوە، هیچ کەسێک ئامادەنییە دەفتەرێک دۆلارم بە پیاوەتی بداتێ، هەمووی لە بەرامبەردا سوودیان لێ وەرگرتووە. 
 
تاوەکو ئێستا هیچ یەکێک لە خاوەن قەرزەکان سکاڵایان تۆمار نەکردووە. هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت: تاوەکو خۆیان نەیەن سکاڵای یاسایی تۆمار نەکەن، ناتوانین رێڕەوی یاسایی بگرینەبەر، ئەوانە داواکاریی تایبەتییە و خواردنی ماڵی خەڵکە، پێویستە خۆیان بێن سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن. 
 
هاوکات لەگەڵ ئەو دۆسیەیەی بنەسڵاوە، پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە سێ کەس سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە و بەوە تۆمەتباری دەکەن کە 180 هەزار دۆلاری بردووە. 
 
ئێستا لای پۆلیس دۆسییەکانی بردنی پارە بە فێڵ وەک دیاردەی لێهاتووە، دوو لە بەناوبانگترین دۆسییەکانیش، بردنی 15 ملیۆن دۆلار لەلایەن سلێمان هەڵشۆیی لە دەڤەری راپەڕین و بردنی 25 ملیۆن دۆلار لەلایەن ئیدریس ئەحمەد خاوەنی کۆمپانیای ئەستێرەی گەلە لە هەولێر.