موختاری 73 گوند و کۆمەڵگەی باتێل داوا دەکەن لەڕووی کارگێڕییەوە بچنەسەر زاخۆ


رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری موختارەکانی سنووری ناحیەی باتێل کە 73 گوند و هەشت کۆمەڵگە لەخۆدەگرێت، ئیمزای موختارەکانی کۆکردووەتەوە و داوا دەکەن کە باتێل بکرێتە سێیەم قەزای زاخۆ.
 
هاشم مۆژدین، نوێنەری موختارەکانی سنووری باتێل بە رووداوی راگەیاند، "ئەمە لیستی ناوی 73 موختاری گوندەکانی باتێلە کە کۆمانکردووەتەوە. ناو و ژمارەی گوندەکانی تێدایە. من نوێنەری ئەو 73 موختارەم کە داوا دەکەن باتێل ببێتە قەزایەکی سەربە ئیدارەی زاخۆ، چونکە کەموکوڕییەکی زۆر لە دەڤەرەکە هەیە و زۆر گوند هەن ئاوەدانن، بەڵام هێشتا رێگەیان بۆ نەچووە و کارەبایان نییە."
 
ژمارەی دانیشتووانی باتێل زیاترە لە 46 هەزار کەس کە زۆرینەیان بە کاری جووتیاری و کرێکارییەوە خەریکن.
 
ئەحمەد تەها، دانیشتووی باتێل دەڵێت، "تا ئێستا خانووەکانمان هی سەردەمی سەدامن و نەبوونەتە موڵکی ئێمە، ئەگەر باتێل ببایە قەزا، خانووەکان دەگەڕایەوە سەر ناومان. ئەمە 30 ساڵە ئێمە لەم گوندە دەژین، بەڵام هێشتا خانووەکان هی خۆمان نین."
 
فەرهاد خالد، دانیشتوویەکی کۆمەڵگەی خراب دێمە و دەڵێت، "توانای شارەوانیی ئێمە سنووردارە و ناتوانێت خزمەتی هەموو گوندەکان بکات."
 
لە سنووری ناحیەی باتێل 270 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی هەن. عەلی ساڵح یەکێکە لە جووتیارەکانی سنوورەکە و گلەیی لە بەرەپێشچوونی کەرتی کشتوکاڵی لە سنوورەکە هەیە و دەڵێت، "دوو هەزار و 700 جووتیار لە دەشتی سلێڤانەیی هەن، هیچ هاوکارییەکمان نەکراوە. ئەوە من گەنمم چاندووە تەنیا دەرمانی سنک یان پێداوم. نە پەین نە بنەتۆ و نە گازیش هچیان پێنەداوین."
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ دەڵێت، لە قۆناخی یەکەمدا لەڕووی کارگێڕییەوە ناحیەی باتێل دەگەڕێتەوە سەربە زاخۆ و دواتریش وەکو قەزایەک دەستنیشان دەکرێت.
 
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ باسی لەوە کرد، "ئەم ناحیەیە بکەوێتە سەربە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەوە شتێکی نۆرماڵە تاوەکو رێکارە کارگێڕییەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆ و دواتر وەزارەتی ناوخۆ تەواو دەبن بۆ ئەوەی سنووری جوگرافی بۆ باتێل دەستنشان بکرێت و بگەڕێتەوە سەربە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ. زۆرجار گلەیی خەڵک دەگاتەوە ئێمە کە حەز دەکەن بگەڕێنەوە سەر زاخۆ."
 
باتێل ناوچەیەکی کشتوکاڵییە و بە دووریی 25 کیلۆمەتر لە باشووری شارەکەوە لە زاخۆ دوورە.