بزووتنەوەی ئیسلامی: بۆ جێگرتنەوەی فراکسیۆنی یەکگرتوو بڕیار دەدەین

08-11-2022
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمان کشاوەتەوە و هاوپەیمانەکەی لە هەڵبژاردنی 2018دا (بزووتنەوەی ئیسلامی)، دەتوانێت شوێنی پەرلەمانتارەکانی پڕ بکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتاییان نەداوە و بۆ ئەو مەبەستە راوێژ و راپرسی دەکەن.
 
رۆژی 1-11-2022، ئیسماعیل سگێری، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هەر پێنج پەرلەمانتارەکەیان نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کردووە.
 
بەپێی یاساکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان، هەر بەربژێرێکی دەرنەچووی (هاوپەیمانیی بەرەو ئیسڵاح) کە لە (یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی و بزاڤی چاکسازی و گەشە) پێکهاتبوو، بەپێی ریزبەندی، مافی ئەوەی هەیە کە جێی ئەو پەرلەمانتارانە بگرێتەوە کە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، بەڵام یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە لیست کشاوەتەوە و رێگە بە هیچ بەربژێرێکی دەرنەچووشی نادات شوێنی دەستلەکارکێشاوەکان پڕ بکاتەوە.
 
بزووتنەوەی ئیسلامی لە ئاستی سەرەوە راوێژ و لە ئاستی خوارەوە راپرسی دەکات
 
بۆ پڕکردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی یەکگرتوو، هێشتا بزووتنەوەی ئیسلامی بڕیاری کۆتایی نەداوە. سەلام کەریم، ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە ئەمڕۆ سێشەممە، 08.11.2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو پەرلەمانی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو پەسند نەکات، ئێمە بڕیار نادەین، دوای ئەوەش دوو هەنگاومان لەپێش دەبێت."
 
سەلام کەریم گوتی، لە هەنگاوی یەکەمدا، سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی گفتوگۆ و راوێژ دەکات، دوای ئەوەش راپرسییەکی نێوخۆیی دەکرێت لە ئاستی کادیراندا بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئەندام و کادیرانی حیزب لەگەڵ ئەوەدان نوێنەریان بچنە پەرلەمان یاخود نا.
 
بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتی پشتگیریی ئەوە دەکەن کە بچنە پەرلەمان.
 
محەممەد بازیانی بە دەنگ دەتوانێت ببێتە پەرلەمانتار، بەڵام رەنگە بزووتنەوەی ئیسلامی بەربەست بێت بۆی.
 
رۆژی 02-10-2022، ناسیح مەجید، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ـی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "کۆنگرەکە ئامانجەکەی بەدی نەهێناوە؛ بۆیە دوایین کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی بە هەڵوەشاوە لە قەڵەم دەدەن؛ هەروەها بۆ دروستنەبوونی بۆشایی سیاسی، یاسایی و شەرعی لە حیزبەکە، کامیل حاجی عەلی وەکو رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستنیشان دەکەین". ئەمەش بزووتنەوەی ئیسلامی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کرد.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەو بەربژێرانە کە دەتوانن شوێنی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو بگرنەوە، چواریان سەر بە عیرفان عەبدولعەزیزن و تەنیا محەممەد بازیانی، سەر بە گرووپە جیابووەوەکەیە کە کامیل حاجی عەلی سەرۆکایەتی دەکات.
 
محەممەد بازیانی کە ئێستا بووەتە گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی (بەسەرپەرشتیی کامیل حاجی عەلی)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی یەکگرتووی قبووڵ کرد، ئێمەش بڕیاری خۆمان دەدەین".
 
محەممەد بازیانی گوتی: "من دوو جار مافی ئەوەم هەیە ببمە پەرلەمانتار، یەکەمیان ئەوەیە کە بەربژێری هاوپەیمانیی بەرەو ئیسڵاح بووم. دووەمیش؛ ئێستا ئەندامێکی بزووتنەوەی ئیسلامیم، بەڵام بڕیاری چوونم بۆ پەرلەمان پەیوەستە بە بڕیاری سەرکردایەتیی حیزب."
 
بەڵام پێناچێت بزووتنەوەی ئیسلامی (بە سەرۆکایەتیی عیرفان عەبدولعەزیز) رازی بێت محەممەد بازیانی ببێتە پەرلەمانتار، چونکە ئێستا لە بەرەیەکی دیکەیە و هەروەها پێشتریش لە لیستی یەکگرتوو بەشداریی لە هاوپەیمانێتییەکەدا کردووە، چونکە ساڵی 2018 هێشتا حیزبەکەی (بزاڤی چاکسازی و گەشە) بە فەرمی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە نەناسێنرابوو.
 
کۆمیسیۆن: سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەتوانێت ئەوە یەکلایی بکاتەوە کە ئایا محەممەد بازانی دەبێتە پەرلەمانتار یان نا
 
ئەو بەربژێرانەی کە بەپێی یاسا دەتوانن شوێنی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو بگرنەوە:
 
- عەبدوڵڵا وەرتی، 3040 دەنگی بەدەستهێنابوو
- کامیل مەحموود، 1169 دەنگی بەدەستهێنابوو
- لەیلا عەلی عەبدولعەزیز، 1109 دەنگی بەدەستهێنابوو
- یوسف ئەحمەد، زیاتر لە 500 دەنگ
 
محەممەد بازیانی، (وەکو سەرۆکی بزاڤی چاکسازی و گەشە لە لیستی بەرەو چاکسازی خۆی بەربژێر کردبوو) کە 932 دەنگی بەدەستهێنابوو.
 
ئەگەر محەممەد بازیانی ببێتە پەرلەمانتار، ئەوکات یوسف ئەحمەد لە ململانێکە دەردەچێت و بەهۆی پڕکردنەوەی رێژەی یاسایی ئافرەت، دەبێ نەسرین تۆفیق کە کەمتر لە 500 دەنگی بەدەستهێنابوو، ببێتە پەرلەمانتاری ژمارە پێنج، واتە سێ پیاو و دوو ژن، بەڵام ئەگەر محەممەد بازیانی نەتوانێت ببێتە پەرلەمانتار، ئەوکات یوسف ئەحمەد دەتوانێت ببێتە پەرلەمانتار.
 
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە لیست کشاوەتەوە، ئەمەش یەکەمجارە رووبدات، بۆیە یاسایەکی دیاریکراو نییە بۆ شوێنگرەوەکانی ئەوان (دۆسیەکەی محەممەد بازیانی)، بەڵام کۆمیسیۆن ریزبەندی کردووەتە پێوەر و لیستەکە بەپێی ئەو ریزبەندییە دەداتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەگەر محەممەد بازیانی لەسەر لیستی یەکگرتوو بووبێت و نەیەوێت بچێتە ژێر باری فەرمانەکەی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە، ئەوکات دەستەی سەرۆکایەتی دەتوانن خۆیان یەکلایی بکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.