پارێزەرانی دۆسیەی ژینا ئەمینی: رێگە نادەن دۆسیەکە ببینین


رووداو دیجیتاڵ 

پارێزەرانی دۆسیەی ژینا ئەمینی رایانگەیاند، تاوەکو ئێستا رێگە نەدراوە چاویان بە دۆسیەکەی ژینا بکەوێت و دەزگەی دادی ئێران وەڵامی تانەلێدانیان لە راپۆرتەکەی دادپزیشکیی ئێران ناداتەوە. 
 
د. ساڵح نیکبەخت، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی ماڵباتی ژینا ئەمینی لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 08-11-2022 بڵاویکردەوە، دەڵێت، چەندینجار داوایان کردووە چاویان بە دۆسیەی ژینا ئەمینی بکەوێت، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگەیان پێنەدراوە. 
 
ئەوەش هاتووە، تانەیان لە راپۆرتی کۆمیسیۆنی دادپزیشکیی ئێران لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی داوە و داوایانکردووە، کۆمیسیۆنێک بە بەشداریی ژمارەیەک پزیشکی شارەزایی جێی متمانەی کەسوکاری ژینا پێکبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو داواکارییەشیان پەسند نەکراوە. 
 
پارێزەرانی دۆسیەی ژینا ئەمینی داوایان کردووە ڤیدیۆی کاتی دەستبەسەرکردن و گواستنەوەی ژینا ئەمینی بۆ بنکەی پۆلیسی رەوشتی تارانیان پێبدرێت و هەروەها لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو چوار پۆلیسەدا بکرێت کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، بەڵام ئەوانەش جێبەجێ نەکراون. ئاماژەیان بەوەش داوە، ماڵباتی ژینا پێداگرن لەسەر وەرگرتنی گوتەی ئەو کەسانەی لەگەڵ ئەو دەستبەسەرکرابوون، بە ئامادەبوونی برا و کچە پووری ژینا کە شایەدحاڵی رووداوەکە بوون.
 
پارێزەرانی دۆسیەی ژینا دەڵێن، ئەگەر لە قۆناخی سەرەتاییدا لێکۆڵینەوەی تەواو و دادپەروەرانە نەکرێت، رەوتی دادگایی دۆسیەکە بەلاڕێدا دەچێت، بۆیە داوا دەکەن داواکاریی کەسوکار و پارێزەرانی دۆسیەکە جێبەجێ بکرێن. دەشڵێن، ئەگەر بەرپرسانی دادوەری و پۆلیس، پێداگری لەسەر بۆچوونی خۆیان بکەن و ناڕەزایی یاسایی کەسوکاری ژینا لەبەرچاو نەگیرێت، کاریگەریی خراپی لەسەر رەوتی دادگاییەکە و متمانەی گشتی دەبێت. 
 
پارێزەرانی دۆسیەکە باس لەوەش دەکەن، تەنیا کاتێک دەتوانن کار لەسەر دۆسیەکە بکەن و داکۆکی لە سیستمی دادوەری ئێران بکەن کە خواستەکانیان لەبەرچاو بگیرێت و جێبەجێ بکرێن.
 
ژینا ئەمینی لە 16-09-2022، لە تاران گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی سێ رۆژ پێشتر لە بنکەی پۆلیسی رەوشتی تاران تەندروستیی تێکچوو. باوکی ژینا ئەمینی دەڵێت، کچەکەی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە لێی دراوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.