منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت بە کاریکارتێر خەم و ئازارەکانی کۆڵبەران پێشان دەدات

09-11-2021
فریا یونسی
چیرۆکی شاهین
چیرۆکی شاهین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەیبینن، بەرهەمی کاریکاتێری منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتی بەهرەمەندی رۆژهەڵاتی کوردستانە و خەمی کۆڵبەرانی هەڵگرتووە. شاهین رەحمانپوور تووشبووی نەخۆشی سی پی یان ئیفلیجیی مێشکە، بەڵام نەخۆشییەکەی رێگر نەبووە لە دەرخستنی تواناکانی.
 
شاهینی 18 ساڵان لە مهاباد دەژیت. وێنە و کاریکاتێر دەکێشێت. ئەو بەهرەکەی زیاتر بۆ خستنەڕووی کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردێنێت و وێنەی ئەو کەسانە دەکێشێت کە خزمەتی هونەر و ئەدەبیاتی کوردی دەکەن. دەڵێت، "دەمەوێ فێری هەموو شت و کارێک ببم."
 
شەیدا رەحمانپوور، خوشکی شاهینە و دەڵێت، نزیکەی دوو ساڵە سەرقاڵی کاریکاتێرە، بەڵام بەرپرس و دامودەزگە حکومییەکان پاڵپشتیی شاهین ناکەن.
 
بەهرەیەکی دیکەی شاهین، هونەری نووشتاندنەوەی کاخەز و دروستکردنی شتومەک و ئاژەڵ بە کاخەزە کە بە هۆنەری ئۆریگامی ناسراوە. ئەو بۆ فێربوونی وێنەکێشان و دروستکردنی ئەم بەرهەمە کاخەزییانە نەچووەتە هیچ خولێک و لە رێگەی ئینتەرنێتەوە فێریان بووە. کەسوکاری دەڵێن، دامودەزگە حکومییەکان نەک هاوکاری ناکەن بۆ پەرەپێدانی تواناکانی، بەڵکو جاروبار دڵساردیشی دەکەنەوە.
 
هەر لە ڤیدیۆکەدا بەشێک لە نووسراوەکانی شاهین دەبینن. ئەو توانای نووسینی بە دوو زمان هەیە، فارسی و کوردی بە باشی دەزانێت. فارسی لە قوتابخانە و کوردی بۆخۆی فێر بووە. ئەو لە پۆلی نۆیەم دەخوێنێت. کەسوکاری دەڵێن، لە قوتابخانە لە ریزی قوتابییە زیرەکەکانە و جاری وایە وانە بە هاوپۆلەکانیشی دەڵێتەوە.
 
شاهین کەمتر دەچێتە دەرەوە. زیاتر لە ژوورەکەی خۆیدایە و سەرقاڵی وێنەکێشان و نووسینە. بەشی پێشانگەیەک بەرهەمی هەیە. خێزانەکەی دەیانەوێت پێشانگەیەکی تایبەتی بۆ دابنێن و هەوڵبدەن تواناکانی زیاتر بە خەڵک بناسێنن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە