نەخۆشیی دڵ ژیانی منداڵێکی لە هەڵەبجە خستووەتە مەترسییەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هێشتا تەمەنی 10 ساڵە، بەڵام ئازاری دڵی هەموو خۆشییەکانی منداڵی لێ تاڵکردووە، یاریکردن لەگەڵ منداڵانی هاوڕێی بووەتە خۆزگە و ئاواتی رۆژانەی و ئەگەر دڵی بۆ نەچێندرێت ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.
 
لاوی ئومێد منداڵێکی تەمەن 10 ساڵی دانیشتووی هەڵەبجەیە و ماوەی دوو ساڵە بەهۆی ئەو کونەی لە دڵیدایە نەیتوانیوە ژیانی ئاسایی خۆی بەڕێبکات. ئەو کاتەی کە لاوی پۆلی چواری بنەڕەتی بوو دکتۆرەکانی بە باوکیان گوت کە دڵی کونی تێدایە، لەبەر ئەوە نەیتوانی لە خوێندن بەردەوام بێت و وازی لە خوێندن هێنا.
 
ئومێد محەممەد باوکی لاوی لەبارەی نەخۆشی و ژیانی رۆژانەی کوڕەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لاوی زۆر زوو ماندوو دەبێت و هەناسەی تووند دەبێت، لەبەر ئەوە ناتوانێت لەگەڵ هاوڕێکانی یاری بکات، هەموو رۆژێک لە حەوشەی ماڵەکەیاندا سەیری هاوڕێکانی دەکات و خۆزگەیان پێدەخوازێت".
 
لە ڤیدیۆیەکدا کە بۆ رووداو نێردراوە دەردەکەوێت لاوی ئازارێکی زۆری هەیە و بەردەوام خەریکی سەڵەوات لێدانە. لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی کە تووشی ئەو نەخۆشییە بووە، دووجار براوەتە دەرەوەی وڵات، جارێک بۆ ئێران و جارێکیش بۆ ئیسرائیل، بەڵام لە هیچکامیان چارەسەریان بۆ نەکردووە.

 

دواجار پزیشکەکان بە باوکی لاوی دەڵێن، چارەسەری منداڵەکەیان ئەستەمە و دەبێت دڵی بۆ بچێنرێت کە "ئەوەش تێچووی زۆرە"، باوکی لاوی بە بیستی هەواڵەکە بێئومێد دەبێت، بەڵام دڵی نایەت بە لاوی بڵێت کە دەبێت دڵی بۆ بچێنن.
 
باوکی لاوی لەبارەی ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی دەڵێت، لاوی تەنیا یەک خوشکی هەیە، بەڵام هیچ کێشەیەکی تەندروستی نییە. پێشتر یەکێک لە کچەکانی خاڵی دڵی کونی تێدا بووە، بەڵام بەگوتەی باوکی، چارەسەری بۆ کراوە و ئێستا تەندروستی باشە.