لە سلێمانی فێستیڤاڵی هەنگ و هەنگوین بەڕێوەدەچێت

رووداو - سلێمانی

لە سلێمانی سێیەمین فێستیڤاڵی هەنگ و هەنگوین بەڕێوەدەچێت و هەنگوینی ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان کە ناوبانگێکی زۆری هەیە لە فێستیڤاڵەکەدا نمایشدەکرێن.

ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند "ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 8-11-2018) یەکەمین رۆژی سێیەمین فێستیڤاڵی هەنگ و هەنگوینە لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی، کە بڕیارە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت".

لەمیانی ئەو سێ رۆژەی فێستیڤاڵەکەدا، 26 هەنگەڤان بەرهەمەکانیان نمایشدەکەن، هاوکات چەند بەرهەمێکی دیکەی خۆماڵیش لەو فێستیڤاڵەدا نمایشدەکرێن، وەکو گوێز و پەنیر.

بەگوتەی هەنگەڤانان، گرفتی ئەوان هاوردەکردنی هەنگوینە لە تورکیا و سووریا و ئێران، کە هەنگوینێکی کوالێتی نزمە، هێنانی ئەو هەنگوینە لە دەرەوە، کاریگەری کردووەتە سەر بازاڕی ئەوان.

ئەو هەنگوینانەی ئەمڕۆ لەو فێستیڤاڵەدا نمایشکراون نرخەکانیان جیاوازە، هەیانە کیلۆی بە 90 هەزار دینارە، هەیانە بە 80، 60، 40 هەزارە، جیاوازیی نرخەکانیشیان بەهۆی چەند پێوەرێکەوەیەوە.

یەکێک لەو پێوەرانەی کاریگەریی زۆری لەسەر نرخی هەنگوین هەیە ئەو ناوچەیەیە کە هەنگەکەی تێدا پەروەردە دەکرێت، بۆ نموونە هەنگوینی ناوچە شاخاوییەکان گرانترە، ئەوانەشی خۆراکیان بۆ دادەنرێت نرخەکەیان نزمترە، لەگەڵ ئەوەش هەنگوینی کوردستان بەراورد بە هەنگوینی وڵاتانی دیکە کوالێتییەکەی بەرزترە، بەجۆرێک کۆمەڵەی هەنگاوانانی کوردستان خاوەنی حەوت خەڵاتی زێڕینن لەسەر ئاستی جیهاندا.



داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار