دەزگای مین: لە شەش مانگدا زیاتر لە 1.3 ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین پاککراوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دەزگای مین لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە یەک ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین و پاشماوەکانی جەنگ پاککراونەتەوە، بەڵام هێشتا 200 کیلۆمەتر چوار گۆشە لە خاکی هەرێمی کوردستان مینڕێژە.
 
سێشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2024 جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 776 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە مینڕێژکرابوو؛ لە دوای ساڵی 1992ـەوەوە تاوەکو ئێستا توانراوە 576 کیلۆمەتری چوارگۆشە زەوی لە مین پاکبکرێتەوە، بەڵام هێشتا 200 کیلۆمەتر چوار گۆشە ماوە پاک بکرێتەوە.
 
جەبار مستەفا گوتی، "لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا ملیۆنێک و 390 هەزار مەتر زەویی هەرێمی کوردستان لە مین پاککراوەتەوە، 17 هەزار و 628 مین و تەقەمەنی لەنێوبراون".
 
عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێكن لە پەیماننامەی ئۆتاوا، کە تایبەتە بە نەهێشتنی مین. جەبار مستەفا گوتی، "پابەندییەکی هاوبەشی نێودەوڵەتیمان لەسەرە و دەبێت تاوەکو ساڵی 2028 هەرێمی کوردستان لە مین پاکبکرێتەوە".
 
بە گوتەی جەبار مستەفا، بەرپرسیارێتی پاککردنەوەی خاکی هەرێمی کوردستان لە مین، لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵیی عێراقە، بەڵام دەڵێت، "ئەوان نەک هاوکاریمان ناکەن، بەڵکو هەندێکجار رێگرییان بۆ دروستکردووین لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانماندا".
 
لەبارەی نەخشەی دابەشبوونی مین لە هەرێمی کوردستان و پیسبوونی خاکی باشووری کوردستان بە مین، جەبار مستەفا گوتی، "نەخشەکە لە زاخۆ تاوەکو خانەقین دەستپێدەکات، بەڵام 60٪ـی زەوی مینڕێژکراو لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سنووری گەرمیان و سلێمانی".
 
بەگوێرەی ئاماری دەزگای مین، لە ساڵی 1992 تاوەکو ئێستا 13 هەزار و 580 کەس بەهۆی مین بوونەتە قوربانی، لەوانە پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی 8 هەزار کەسیش کەمئەندام بوون، 36 کارمەندی هەڵگرتنەوەی مین لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە و 65شیان کەمئەندام بوون.