لە فڕۆکەخانەیەکی تورکیا شەش ژن زیاتر لە 9 کیلۆ زێڕ لەنێو جەستەیان دەشارنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی ئیزمیر، دەست بەسەر 18.5 کیلۆگرام زێڕی قاڵبی قاچاخدا گیرا، کە زیاتر لە نۆ کیلۆیان لە نێو جەستەی شەش ژنی بیانی شاردرابوونەوە. حەوت تۆمەتباریش بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە. 
 
تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگاکان، رۆژی دووشەممە 2ی تشرینی یەکەم، بە پشتبەستن بە زانیاری هەواڵگری لە فڕۆکەخانەی عەدنان مەندەرەسی ئیزمیر شەش ژنی ئۆزبەکیان راگرت کە لە دوبەیەوە بۆ شاری ئیزمیری تورکیا گەشتیان کردبوو. 
 
لەکاتی گەڕان و پشکنینی تۆمەتباران و ئەو دوو ئۆتۆمبێلەی کە هاتبوون بۆ پێشوازیکردنیان، دەست بەسەر 82 قاڵبی زێڕدا گیراوە کە کێشی هەریەکەیان نزیکەی 110 گرام بووە، لەگەڵ 18 دەسکی یارییە ئەلیکترۆنییەکان و سێ مۆبایلی زیرەک.
 
هەروەها لە ئەنجامی گەڕان و پشکنیندا 84 قاڵبی زێڕ کە کێشی هەر یەکێکیان 110 گرام بوو و کۆی گشتی کێشەکانیان 9,240 گرام بوو، لە جەستەی شەش ژن شاردرابوونەوە و زێڕەکان بە نەشتەرگەریی دەرهێندران.
 
کۆی بەهای زێڕە دەستبەسەرداگیراوەکە 55 ملیۆن لیرە (1.6 ملیۆن دۆلار) بووە.
 
شەش ژنەکە و کەسێکی دیکە کە دەگوترێت هاوکاری ژنەکانی کردووە، رۆژی دووشەممە 7-10-2024 بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.