رووداو دیجیتاڵ
کورد و تورکمان، ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێن لە هۆڵی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسایەکیان بۆ تێپەڕێت کە پەیوەندیی بە خاکەوە هەیە. پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڵام بەشێکی زۆر لە سوننە و بەشێک لە شیعەکانیش دژن.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "کورد و تورکمان زەوی لە عەرەب ناستێنن، بەپێچەوانەوە زەویی خۆیانە کە بە هۆکاری نەتەوەیی لە رۆژانی دەسەڵاتی سەردەمی پێشوودا لێیان براوە. بەداخەوە، نیگەرانین لە بەرپرسانی سوننە و شیعە. پێویستە برایانی شیعە بە هەموو هێزیانەوە پشتیوانیمان بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەماندا".
پڕۆژەکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە، چەند جارێک خراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نەبووە.
پڕۆژە بنچینەییەکە لە 5 مادە پێکهاتبوو و ئاماژەی بە هەڵوەشاندنەوەی 8 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس دەکرد، بەڵام لەکاتی گفتوگۆکاندا دەستکاری کرا و هەندێک بڕیاری دیکەی بۆ زیادکرا تاوەکو زۆرترین زەوی لە سنووری مادەی 140دا بگەڕێتەوە بۆ کورد و تورکمان.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "گرفتەکانی بەردەم ئەم دەنگدانە ئەوەیە ئەوان تێبینییان هەیە لەسەری، دووەم دەتوانم بڵێم تێبینییان هەیە لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەکی دیکەیش کە لە ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقن وەکو یاسای لێبووردنی گشتی، هەمواری یاسای باری کەسی و یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ کە دەبێت جۆرێک کە کۆدەنگی بۆ دروستبکرێت، ئێمە وەکو کوردەکان خۆشبەختانە یەک دەنگین".
پەرلەمانتارانی کورد باس لەوە دەکەن، ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە پەسند بکرێت، زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک دەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان کە بەشێوەى بەناوکردن دەستیان بەسەردا گیراوە، نەوەک داگیرکردن یان کوژاندنەوە.
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، "بەبێ دەنگدان بەو پڕۆژەیە هیچ دانیشتنێکی دیکەی پەرلەمان ناکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ